هێزەكانی عێراق هەڵدەكوتنە سەر دوو باخ لە بەغدا

:: PM:10:50:19/07/2026 ‌

لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، ئەمشەو دوو هێزی سەر بە دەستەی دەستپاكیی عێراق و دژەتیرۆر هەڵیان كوتایە سەر دوو باخ لە بەغدا.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی، ئەمشەو هێزە هاوبەشەكانی دەستەی دەستپاكیی عێراق و دژەتیرۆر لە دوو پرۆسەی جیاوازدا هەڵیان كوتایە سەر دوو باخ لە ناوچەی زەعفەرانییە لە باشووری بەغدا، یەكێكیان هی شبل زەیدی سەرۆكی هاوپەیمانی خەدەمات و ئەویتر هی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی كار بووە، ئەوان بە دوای پارەی شاراوە لەو باخانە گەڕاون. 

شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كراوە، تا ئێستە ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتاری ئێستە و پێشوو و بەرپرسانی حكوومەت بە تۆمەتی گەندەڵییەوە گیراون و دەست بەسەر بڕێكی زۆری پارە و زێڕ لە ماڵ و باخەكانیان گیراوە و بەشێكیان هەڵاتوون، هەڵمەتەكە بەردەوامە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لیستێكی تری 127 تۆمەتبار بێتە راگەیاندن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل