لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە دوای شەڕە 40 رۆژییەكە، لە لبنانیش شەڕەكە وەستا و تا ئێستە حكوومەتی لبنان و ئیسرائیل چەند گەڕێكی دانوستانیان لە واشنتن و رۆما ئەنجام داوە، مەبەستی سەرەكیی ئەوان داماڵینی چەكی حزبوڵا و دوورخستنەوەیەتی لە سنوورەكانی ئیسرائیل لە بەرانبەر بە كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خاكی لبنان، ئەوان دواجار لەسەر كشانەوە لە چەند ناوچەك رێك كەوتن، بەپێی ماڵپەڕێكی ئەمەریكی رێككەوتنەكە سبەی سێشەم جێبەجێ دەكرێت.
وەك ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی باسی كردووە، بەرپرسێكی ئیسرائیل رای گەیاند كە پاشەكشەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە تاقیكارییەكان لە باشووری لبنان سبەی سێشەم دەست پێ دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی تەلئەبیب و بەیرووت لە دانوستانەكانیان گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی داماڵینی چەك لەسەر چەند ناوچەیەك لە باشووری لبنان وەك تاقیكردنەوە، كە سوپای ئیسرائیل تیایاندا بكشێتەوە و سوپای لبنان كۆنترۆڵیان بكات.
ئەمەریكا سەرپەرشتی دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی لبنان و ئیسرائیل دەكات، ئەو بەڵێنی بە بیرووت داوە بەوەی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی خاكی لبنان پاشەكشە بكات، بەڵام لە رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو وڵات باسی خشتەیەكی كاتی ئەو پاشەكشەیە نەكراوە، ئیسرائیل دەیەوێ پشتێنەیەكی تەناهی لەناو خاكی لبنان لەسەر سنوورەكانی بە قووڵایی 10 كیلۆمەتر تا دوای داماڵینی تەواوەتیی چەكی حزبوڵای لبنان بمێنێتەوە، كە حزبەكە تا ئێستە رەتی دەكاتەوە دەڵێت تا كشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل چەك دانانێت.