یەكێك لەو وڵاتانەی لە ئەمەریكاوە نزیكن و نەیاری سەرسەختی واشنتنن، كوبایە كە چەند جارێك بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا وەك ئامانج ناویان هێناوە، لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، چەند جارێك باسی لێخستنی دەسەڵاتەكەی كردووە، ئەمڕۆ دووشەم ئەمەریكا كوبای بە بەڕێوەبردنی گەورەترین هەڵمەتی سیخوڕیكردن لەسەر حكوومەتەكەی تۆمەتبار كرد.
وەزارەتی دەرەوەی
ئەمەریكا گوتی، كوبا توانیویەتی دزە بكاتە ناو باڵاترین كایەكانی حكوومەتی ئەمەریكی و چەندان كەسی ئەمەریكی بۆ خۆی راكێشاوە و كاری بۆ دەكەن، پاڵپشتی لە شەپۆلێكی گەورەی تیرۆری چەپەكان لەسەر خاكی ئەمەریكا دەكات، ئەو هەڵمەتەی كوبا یەكێك بووە لە گەورەترین پرۆسەی دزەكردنی هەواڵگریی بیانی و زیانبەخشترینیان لە مێژووی ئەمەریكا.
ئەمە و بەر لە چەند رۆژێك، تۆڕی " CBS News"، بڵاوی كردەوە كە وەزارەتی جەنگی ئەمەریكی خەریكی تاوتوێكردنی چەند سیناریۆیەكی سەربازیی گریمانكراوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كوبا، بەرپرسانی ئەمەریكا گوتیان، پلاندانەرە ئەمەریكییەكان لە چەند هەفتەی رابردوودا تاوتوێی چەند بژارەیەكیان لە دژی هاڤانا كردووە، لەوانە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی فرەوانی ئاسمانی بە بەشداری فرقەی 101، كە یەكێكە لە بەهێزترین یەكە شەڕوانییە ئەمەریكییەكان و تایبەت بە ئۆپراسیۆنی خێرای هێرشبردن.
شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند جارێك ئاماژەی بەوە كردووە كە لە دوای لێخستنی نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و گرتنی لە لایەن هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا لەناو ماڵەكەی لە كاراكاس، نۆڕەی حكوومەتی كۆبایە، دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا بە خێرایی كۆنترۆڵی ئەو وڵاتە دەكات.