لە هەڵمەتەكەی شەوی رابردوو هەشت فەرمانبەری پارێزگای سەڵاحەدین گیراون

:: PM:06:39:21/07/2026 ‌

شەوی رابردوو سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكان و تیمێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، هەڵیان كوتاوەتە سەر تەلاری پارێزگاكە و گەمارۆیان داوە، هەوڵیان داوە 54 فەرمانبەر بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی بگرن، ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی تر دووپاتی لە گرتنی هەشت فەرمانبەر كردەوە. 

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە هەڵمەتەكەی دوێنێ، هەشت فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگای سەڵاحەدین گیراون، ئەوان لەسەر تێوەگلان لە گەندەڵی دارایی و ئیداری فەرمانی گرتنیان لە دادگا هەبووە، ئەوەش لە كۆی 54 فەرمانبەری دیوانی پارێزگاكە كە پێشتر فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.

بەپێی سەرچاوەكە هێزێكی تەناهی هاوەڵی تیمەكەی دەستەی دەستپاكی لە هەڵمەتەكەی شەوی رابردوو كردووە و ئەوان گەمارۆی دیوانی پارێزگاكەیان داوە و بەدوای گرتنی ئەو فەرمانبەرانەن كە هەڵاتوون، ئەوە لە كاتێكدا ئەمڕۆ سەبا سامی گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند كە ئەو فەرمانەی گرتنەی بۆ 54 فەرمانبەری دیوانی پارێزگاكە دەرچووە، لەسەر پێشێلكاریی ئیدارییە كە لە ساڵانی پێشوو ئەنجام دراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل