لە دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی گەرووی هورمز، كە بووە هۆی وەستانی تەواوەتیی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە بەندەرەكانی بەسرە، مەترسیی گەورەی خستە سەر ئابووریی عێراق، بەتایبەتی توانای بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و بەجێگەیاندنی پابەندییە داراییەكانی، پەیمانگەیەكی ئەمەریكی باسی دۆخی عێراق و بژارەكانی بەردەم حكوومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی تەنگژە ئابوورییەكانی دەكات و پێی وایە لێكەوتەكانی تەنگژەی گەرووی هورمز هەولێر و بەغدا لێك نزیك دەكاتەوە.
وەك لە راپۆرتێكی شیكاریی پەیمانگەی
"كۆڕبەندی كەنداوی نێودەوڵەتی"، هاتووە، ئەو تەنگژە داراییەی بەهۆی ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز لە عێراق سەریان هەڵداوە، بووەتە هەلێك بۆ حكوومەتی عەلی زەیدی بۆ ئەنجامدانی چەندان گۆڕانكاری لە ئابووری عێراق و دەرچوون لە نموونەی دەوڵەتێكی پشتبەستوو بە داهاتی فرۆشتن، یەكێك لەو بژارانەی لەبەردەم زەیدییە سازكردنی دەستەوارەیەكی پێویستییە لەگەڵ هەولێر.
روونی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت حكوومەتی عێراق لەبەرانبەر ئەو تەنگژانەی هەن، زنجیرەیەك دەستەوارەی كردەنی ساز بكات، لە بری تەنیا كۆمەڵێك رێوشوێنی چاكسازی، كە رەنگە بەس نەبن، یەكەم دەستەوارەش لە نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت، چونكە ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز گرنگیی بوونی دەروازەی شوێنگرەوەی هەناردنی نەوتی دووپات كردەوە، بەتایبەتی سیستمی بۆرییەكانی هەناردن لە رێگەی هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا.
بەپێی راپۆرتەكە ئێستە بەغدا هاندەری زیاتری بەرەو سازكردنی دەستەوارەیەكی كردەنییە لەگەڵ هەولێر لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت و زیادكردنی هەناردنی و چارەسەركردنی بابەتەكانی كرێی بەگەڕخستن و داهات و رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، چونكە لەوكاتەی بەغدا پێویستی بە فرەوانكردنی دەروازەكانی هەناردن هەیە، هەرێمیش پێویستی بە پارەی مووچە و زیادكردنی كرێی بەگەڕخستن و داهاتی نەوت هەیە، ئەوانەش هاندەری زیاترن بۆ هاریكارییان.