ئەمڕۆ سێشەم 21ی تەمووزی 2026، پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمەریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی "10 هێندە توندتر"ی لە ئێران کرد ئەگەر بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، هاوکات دووپاتی کردەوە کە تاران هەموو دەرفەتێکی بۆ گفتوگۆ لەدەست داوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بۆ دەیەمین شەوی لەسەریەک بۆردمانی ناو ئێران دەکات و گرژییەکان بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی لێکتێگەیشتننامەی ئاشتی.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و جۆزیف عەون هاوتا لوبنانییەکەیدا بەڕێوە چوو، هیگسێس ڕای گەیاند، ئێران هەموو دەرفەتێکی بۆ پێوەندی و گفتوگۆ لەدەست داوە. دووپاتیشی کردەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە و گوتی، ئەگەر بیانەوێت قسە بکەن، دەتوانن قسە بکەن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەبنەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران ژمارەیەکی زۆر گەورەی چەکی هەیە و ئەمەش هەڕەشەیەکە و پێویستی بە هەڵوێستێکی توند هەیە.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدان کە گرژیی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیاد دەکات، بە جۆرێک فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتكۆم) ڕای گەیاندووە کە بۆ دەیەمین شەوی لەسەریەک، بۆردمانیان لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجام داوە. فەرماندەییەکە دووپاتی کردەوە کە بنکەکانی فەرماندەیی سەربازی، توانای دەریایی، شوێنی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان کردووەتە ئامانج، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
لە بەرانبەردا، ئێران ڕای گەیاندووە کە هێرشی نوێی بۆ سەر کوێت، بەحرێن و ئوردن ئەنجام داوە، ئەم پەرەسەندنەش بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی لێکتێگەیشتننامەی 17ی حوزەیرانی ڕابردوو، کە بڕیار بوو دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و پرسەکانی تر دەست پێ بکات بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.