ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 22ی تەمووزی 2026، میدیاکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە فراوانکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی دژی ئێران بە خێرایی نزیك دەبێتەوە، و پێشبینی دەکرێت پەرەسەندنە نوێیەکانی ئەمەریکا ببێتە هۆی هاتنەناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو جەنگەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران دەست پێ کردووەتەوە و هەڕەشەی توندی نوێ ئاڕاستەی تاران دەکات.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، هەرچەندە گفتوگۆکان لە نێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامن، بەڵام کاتی یەکلاکەرەوە بۆ فراوانکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکە بە خێرایی نزیك دەبێتەوە. لە لایەکی ترەوە، کەناڵی 13ی ئیسرائیلی ڕای گەیاند، پەرەسەندنەکانی داهاتووی ئەمەریکا دژی ئێران، دەبێتە هۆی هاتنەناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو جەنگەکە، جا یان بە داوای ترەمپ بێت یان وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی ئێران. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەپێی پێشبینییەکان لە ئیسرائیل، ئەمەریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران توندتر دەکات.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش لە زاری سەرچاوەکانییەوە دووپاتی کردەوە، ئەمەریکا، ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی نیازی هەیە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران پەرە پێ بدات و فڕۆکەی بۆمبهاوێژ لە بۆردمانەکانیدا بەکاربهێنێت.
پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێتنكۆم) ڕای گەیاندبوو، لە دوای دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لە 14ی تەمووزەوە، ئاڕاستەی نۆ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و کەشتییەکی تریان لەکار خستووە، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا بووە بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ چوارشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی بۆردمانکردنی دامەزراوەی گرنگی لە ئێران کرد، ئەگەر هەر هێرشێکی نوێ بکرێتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز. دوێنێ سێشەمیش، پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمەریکا هەڕەشەی وەڵامێکی سەربازیی "10 ئەوەندە بەهێزتر"ی لە ئێران کردبوو، ئەگەر بەردەوام بێت لە هێرشەکانی.