رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، ئاخۆ بۆچی ئەمەریكا هێرشێكی فرەوان و چڕ دەكاتە سەر دەیان ئامانجی سەربازی و ستراتیجیی ئێران، كەچی ئێران تەنیا بێهوودە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆردمان دەكات، جیا لە هێرشی چڕ بۆ سەر وڵاتانی كەنداو، كەچی چاوپۆشی لە كەشتیگەلی ئەمەریكی لە دەوروبەری كەناراوەكانی دەكات؟
شارەزایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، رەزا غەبێشاوی شرۆڤەكاری سیاسیی ئێرانی پێی وایە ئەو شەڕەی ئێستە هەیە هێشتا شەڕی تەواوەتی نییە، بەڵكو زنجیرەیەك رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی پچڕ پچڕە، محەمەد عەبدولواحید شارەزای سەربازی هەمان بۆچوونی هەیە، بەوەی هێشتا شەڕەكە نەبووەتە شەڕێكی فرەوان و یاسای رووبەڕووبوونەوە و هێڵی سووری تیادایە و نەبەزێنراون، لەوانە هێرش نەكراوەتە سەر تارانی پایەتەختی ئێران.
لای خۆیەوە عەلی زەهەب شارەزای سەربازی و ستراتیجی دەڵێت، بابەتەكە پێوەندی بە لاوازیی ئێران و نەبوونی توانای هێرشكردنی بۆ سەر كەشتیگەلی ئەمەریكا لە كەنداو و ناوچەكە نییە، بەڵكو پێوەندیی بە حیساباتی وردی تارانەوە هەیە، رەنگە وێرانكردنی كەشتییەكانی ئەمەریكا سەركەوتنێكی شێوەیی پێ ببەخشێت و وێنەی ئەمەریكا و متمانەی لە دنیا بزڕێنێت، بەڵام شەڕەكە بەرەو فرەوانبوون و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان رژێمی ئێران و هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتی پاڵ دەدات، ئەو بژارەش تا ئێستە تاران خۆی لێ پاراستووە.
بەدەر لەوەی ئەمەریكا وڵاتێكی زلهێزی ئەتۆمییە و ئەگەر ئێران پاساوی بداتە دەست و هێرشی بكاتە سەر و وێنەی لە دنیا بشێوێنێت، ئەگەری پەنابردنی بۆ چەكی تەكتیكی و ئەتۆمی بچووكراوە هەیە، جیا لە ئەگەری لەناوبردنی رژێمی ئێران بە رێگەی جیاواز لەوانە سەربازی، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە تاران پێی وایە لە بری هێرشكردنە سەر كەشتیگەلی ئەمەریكا، بنكە سەربازییەكانی و وڵاتانی كەنداو بكاتە ئامانج باشترە، ئەوەش بۆ خۆلادان لە چارەنووسێكی نادیار، لەوانە دروستكردنی هاوپەیمانیەتێكی فرەوانی نێودەوڵەتی لە دژی و دروستبوونی هەڕەشە لەسەر رژێمەكەی، بەتایبەتی كە ئیسرائیل و هەندێك لە وڵاتانی كەنداو رەنگە بەرەو ئەو بژارەیە هان بدەن.