ترەمپ: بەردەوامبوون لە بۆردمانی ئێران باشترە لە گفتوگۆ

:: AM:10:44:24/07/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووزی 2026، ڕۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گومانی زۆری لە سوودی ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران هەیە و زیاتر مەیلی بۆ بەردەوامبوون لە بۆردمانی سەربازیی دژی تاران هەیە، بە جۆرێک کە لە کۆبوونەوەیەکدا سەرکردەکانی ئێرانی بە "شێت" ناو بردووە و پێی وایە "تەنیا لە هێزی سەربازی تێدەگەن.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییانەدا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی، هێرشێکی توندی کردووەتە سەر سەرکردەکانی ئێران و بە "شێت" وەسفی کردوون. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە کە ترەمپ خۆی لە دۆخێکی "تۆڵەسەندنەوە"دا لە ئێران دەبینێت و پێی وا نییە هیچ بژاردەیەک باشتر بێت لە بەردەوامبوون لە بۆردمانە سەربازییەکان.

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەی ئەمەریکییەوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە جەنگەکە کاریگەریی کەسی لەسەر ترەمپ و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی جێهێشتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زانیاریی هەواڵگری هۆشدارییان داوە لە بوونی هەڕەشەی ئێران بۆ کوشتنیان.

لە بەرانبەردا، دوو سەرچاوەی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەکەیان گوتووە، کە جارد کوشنەر و نێردەی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف، هێشتا باوەڕیان وایە کە دەکرێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکرێت، ئەمەش سەرەڕای کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی.


وشە - پۆڵا مەحموود