بەریتانیا: بەرگرییەکانمان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئێران

:: AM:11:05:24/07/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تەمووزی 2026، گوتەبێژێکی حكوومەتی بەریتانیا ڕای گەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بەتەواوی "ئامادەن" بۆ پاراستنی شانشینی یەکگرتوو لە هەر هێرشێک کە لەلایەن ئێرانەوە بکرێتە سەر. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تاران هەڕەشەی لە لەندەن کرد، بەهۆی ئەوەی ڕێگەی داوە هێزەکانی ئەمەریکا بنکە ئاسمانییەکانی بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە، هێزەکانی بەریتانیا "ئامادەن بۆ پاراستنی وڵات لە هەموو کاتێکدا، لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی و بەرگرییە مووشەکییەکانی شانشینی یەکگرتووەوە، دژی هەر هێرشێکی ناوخۆیی یان دەرەکی."

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی بەریتانیا، کە لە بەرگریی فرەلایەن پێکهاتوون لە ڕێگەی مووشەک، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیی شاهانە کە بە نوێترین سیستەم پڕچەک کراون، ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە شانشینی یەکگرتوو و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ.

ئەم لێدوانانەی حكوومەتی بەریتانیا ئاڕاستەی حكوومەتی ئێران کراون، دوای ئەوەی تاران هەڕەشەی لە لەندەن کرد بەهۆی ئەوەی ڕێگەی داوە هێزەکانی ئەمەریکا بنکە ئاسمانییەکانی بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران. گرژییەکانی نێوان بەریتانیا و ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیادیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەندەن پشتیوانیی لۆجستی بۆ ئەمەریکا ڕاگەیاند، بەهۆیەوە تاران هۆشداریی ئەوەی داوە کە بەریتانیا بە لایەنێکی جەنگەکە دادەنێت و ئەگەر پشتیوانییەکانی بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی وەڵامی ئەوان دەبێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود