عێراق و تۆم باراك : عەلی زەیدی هیچ پەیامێكی ئەمەریكای بە ئێران نەگەیاندووە

:: PM:04:47:24/07/2026 ‌
دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامی ئەمەریكای بە ئێران گەیاندووە، نووسینگەی عەلی زەیدی زانیارییەكان رەت دەكاتەوە  و تۆم باراكیش دووپات لەسەر راگەیەنراوەكەی زەیدی دەكاتەوە.

 ئەمڕۆ هەینی 24ی نووسینگەی عەلی زەیدی راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەوەی لە نیویۆرك تایمز بڵاو كراوەتەوە هیچ راستییەكی تێدا نییە و پێوەندی بە واقیعەوە نییە.

دوێنێ‌ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە، عەلی زەیدی پەیامی ئەمەریكای بە تاران گەیاندووە، دەیەوێ‌ عێراق ناوبژیوانی ئەمەریكا و ئێران بكات. دوای بڵاوكردنەوەی روونكردنەوەكە تۆم باراك نێردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق لە تۆڕی ئێكس راگەیەنراوەكەی شێركردووەتەوە و لەسەری نووسیوە، "عێراق راستییەكان دەخاتەڕوو".

 دوێنێ‌ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی كرد و ئەو سەردانەیش تەنیا چەند رۆژێك دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریكا بوو.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل