ترەمپ: چین و رووسیا چەك بە ئێران بفرۆشن بۆ خۆیان خراپە

:: PM:06:57:24/07/2026 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا باس لەوە دەكات قسەی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا و سەرۆكی چین كردووە و دڵنیایان كردووەتەوە كە چەك بە ئێران نافرۆشن دەشڵێ‌، "ئەگەر ئەو كارە بكەن ئەوا بۆ خۆیان زۆر خراپە".

ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووز دۆناڵد ترەمپ پەیامێكی لە ترووس سۆشیاڵ بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "سەرۆك چی لە دوایین كۆبوونەوەمان پێی راگەیاندم كە چین لە هەر بارودۆخێك بێت چەك بە ئێران نافرۆشێت ئەمە كۆمپانیا چینیەكانیش دەگرێتەوە، بە هۆكاری پێوەندییەكەمان من متمانە بە قسەكانی دەكەم".

دواتر ترەمپ باس لە هەڵوێستی پوتین دەكات و دەڵێ‌، "سەرەڕای بەڕێوەچوونی شەڕی ئۆكرانیا، سەرۆك پوتین پێی راگەیاندم كە چەك بە ئێران نافرۆشێت، ئەو دەزانێ من چەكم بە ئۆكراینا نەفرۆشتووە، بەڵكو بە وڵاتانی ناتۆ، ئەوان پارەكە بە تەواوی دەدەن، هیچ بیرۆكەیەكەم نییە چەكەكە چۆن دابەش دەكرێت"

ئێنجا ترەمپ بۆچوونی خۆی دەڵێ‌،"ئەو دوو وڵاتە كە خەڵك سەبارەت بە ئێران زۆر قسەیان لەسەر دەكەن، بە بڕوای من بەشدار نیین، ئەگەریش ئەم كارە بكەن ئەوا بۆ خۆیان زۆر خراپە، هەڵبەتە لە بەرژوەندی ئەوان نییە"



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل