شەرق ئەوسەت لە بەدواداچوونێكی ئاشكرای دەكات، ئێران لە رێگەی حزبەكانی عێراقەوە پشكی لە داهاتی نەوت هەیە، ئەو پشكەیش وەك هاوكاری بۆ بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و میلیشیای حووسییەكانی یەمەن دەڕوات.
ئەمڕۆ شەموو 25ی تەمووز، رۆژنامەی
شەرق ئەوسەت گەندەڵییەكی تری عێراقی ئاشكرا كردووە كە لەلایەن حزبەكانی شیعە و میلیشیاكانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەویش ئەوەیە بەشێكی داهاتی نەوت كە لە فرۆشتنی نەوتی رەش بەدەست دێت بۆ ئێرانە، راستەوخۆیش بە ئێران نادرێت، بەڵكو بە بزووتنەوەی حەماس و حووسییەكان دەدرێت.
دوو رۆژە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت دۆسیەیەكی گەندەڵی عێراق بڵاو دەكاتەوە، تێیدا میكانیزمی كاركردنی نووسینگەی ئابووری حزبەكانی شیعە و سوننە ئاشكرا دەكات. شەرق ئەوسەت قسەی لەگەڵ چەندان بەرپرس و لێكۆڵەر و ژمێریار و پەرلەمانتار كردووە، دووپاتیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە 40 تۆڕ كە لە 300 شانە پێكهاتوون لە ناو وەزارەتەكان و ئەنجوومەنەكانی پارێزگا و شارەوانی و بانكەكان كار دەكەن، هەزار كۆمپانیای رواڵەتی و ساختەیان دروست كردووە، بۆ ئەوەی 10% بودجەی عێراق بدزن كە ساڵانە دەكاتە نزیكەی 15 ملیار دۆلار.