دۆناڵد ترەمپ جارێكی تر باسی لەوە كرد كە دەیەوێ بۆ جاری سێیەم خۆی كاندید بكات، وێڕای ئەوەی دەستووری ئەمەریكی رێگەی پێ نادات، وەك جارەكانی پێشوویش دەڵێ، "بۆ گاڵتە دەڵێم خۆم كاندید دەكەم".
ئەمڕۆ شەموو 25ی تەمووز، میدیاكانی ئەمەریكا باسیان لەوە كردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتی پێشوازیكردنی لە پەیامنێرانی كۆشكی سپی باسی لەوە كردووە، بۆ جاری سێیەم خۆی كاندید دەكات.
دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتی، "ماوەی سەرۆكایەتیی من وایە باشە و ماوەی دووەمیش باشترە، سێیەم جاریش زۆر باشتر دەبێت". دوای ئەمە راستەوخۆ دەڵێ، "تەنیا گاڵتە دەكەم".
ئەمە یەكەم جار نییە دۆناڵد ترەمپ باس لەوە بكات بە نیازە خۆی كاندید بكات، پێشتریش لە بۆنەیەكدا كڵاوێكی سووری لەسەر كردبوو و لەسەری نووسرابوو، "ترەمپ 2028" كەچی زوو گوتی، "بۆ گاڵتە ئەو كارەم كردووە"، ئامادەبووان دەستیان بە پێكەنین كرد.
بەگوێرەی یاساكانی ئەمەریكا، ماوەی دووەمی سەرۆكایەتیی ترەمپ لە كانوونی دووەمی 2029 كۆتایی دێت. بەگوێرەی هەمواری 22ی دەستووری ئەمەریكی كە لە 1951 پەسند كراوە، هەر كەسێك دەتوانێ دوو جار ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا، كەچی لە ماوەی رابردوودا ستیڤ بانون سیاسەتمەداری بەناوبانگی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، ترەمپ بۆ جاری سێیەم خۆی كاندید دەكاتەوە.