ئێران: پێشوەچوون لە دانوستانەكان سەبارەت بە گەرووی هورمز هەیە

:: PM:04:42:26/07/2026 ‌

دوای شكستهێنانی دانوستانەكانی عومان و ئێران لەبارەی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و رازینەبوونی ئێران بە پێشنیازێكی عومان و بەردەوامیی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر كەشتییەكان لە گەرووەكە، گەڕێكی تری هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەستی پێ كرد، لە دوێنێوە هێرشی هەردوولا بۆ سەر یەكتر وەستاوە و ئێران باسی پێشوەچوون لە دانوستانەكان لەبارەی گەرووەكە دەكات.

دوای ئەوەی دانوستانەكانی ئێران و عومان لە سەرەتای ئەم مانگە سەبارەت بە گەرووی هورمز گەیشتە بنبەست، ئەمەریكا لە 7ی ئەم مانگە دەستی بە هەڵمەتێكی چڕی سەربازی بۆ سەر ئێران كرد، ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە رۆژانی هەینی و دوێنێ شەموو لە تاران چەند گەڕێكی دانوستان لە نێوان جێگرانی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران و عومان بەڕێوە چوو، ئەوان باسی میكانیزمە هاوبەشەكانیان بۆ ئیدارەدانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و پاراستنی كرد، بەو شێوەی مافی سەروەریی هەردوو وڵات بەسەر گەرووەكە بێتە پاراستن.

روونی كردەوە، دانوستانەكان بەسوود بوون و پێشوەچوونیان لێ كەوتەوە و گفتوگۆ تەكنیكی و سیاسییەكان بەردەوامن، ئەوە لەوكاتەی بەپێی ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی، پنتاگۆن پلانێكی خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ تەواوكردنی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر ئێران، بەڵام ترەمپ پەسندكردنی بۆ دوای گفتوگۆكان دوا خستووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل