هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز، كە كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر هەناردنی نەوتی عێراق و لەو رێگەوەش بۆ سەر بوجە و مووچەی مووچەخۆرانی، عێراق بەدوای دەروازەی تری هەناردنی نەوتەكەی دەگەڕێت، بۆیە هەریەك لە توركیا و سووریا و لبنان كێبەركێی سوودبینین لە نەوتی عێراق دەكەن.
بڕیارە لەی ماوەی داهاتوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی توركیا بكات و چەند رێككەوتن و یاداشتێكی لێگەیشتن واژوو بكات، لەوانە پێوەندیدار بە بۆری نەوتی عێراق توركیا، لە ماوەی رابردووش رێككەوتنێكی هاوشێوەی لەگەڵ سووریا واژوو كرد، بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بەرەو بەندەرەكانی جەیهان و بانیاس، لبنانیش چاوی لە نەوتی عێراقە و ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی لبنانی گەیشتە بەغدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، مەبەستی سەردانی نەواف سەلام سەرۆك وەزیرانی لبنان بۆ بەغدا بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی رەوانەكردنی سووتەمەنییە لە عێراقەوە بۆ لبنان بۆ بەگەڕخستنی وێستە كارەباییەكانی، لەناو بوونی هەوڵێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە رێگەی لبنان بەرەو دەریای ناوەڕاست.
وەك ئەو راوێژكارە گوتی، سەردانەكەی سەلام زیاتر لە دیدارێكی سیاسییە و هەوڵێكە بۆ داڕشتنەوەی پێوەندییەكی ئابوورییانە، بەتایبەتی لە دۆسیەی وزە، كاتێك هەردوولا هەوڵی درێژكردنەوە و پەرەپێدانی رێككەوتنی رەوانەكردنی سووتەمەنی عێراقی بۆ لبنان بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكانی كارەبا، جیا لەوە باسی ئەوەش دەكرێت خاكی لبنان وەك دەروازەیەكی نوێی هەناردنی نەوتی عێراق لە دەریای ناوەڕاست بەكاربهێنرێت، كە ئەگەر سەر بگرێت، لبنان رۆڵێكی لۆجیستی گرنگی دەبێت و دەروازەیەكی تری بازرگانی بۆ عێراق بەرەو دنیا دەكرێتەوە.