لە دوای گەڕانەوەی لە واشنتن لە سەرەتای هەفتەی رابردوو، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێنجشەمی رابردوو سەردانێكی فەرمی بۆ ئێران ئەنجام دا، چەندان پرسی لە هەگبەدابوو، لەوانە تاران داوای ئەو پارانەی كرد كە لای عێراقن بەرانبەر بە رەوانەكردنی غاز و كارەبا و نزیكەی 11 ملیار دۆلار دەبێت.
لەو دۆسیانەی زەیدی لە ئێران باسی كرد كە جیا لەو رێككەوتن و ئاداشتانەی لەوێ واژووی كرد، داواكردنی رێگەپێدانی ئێران بوو بۆ تێپەڕبوونی نەوتەكەی بە گەرووی هورمز، كە رەت كرایەوە، هەروەها هەوڵی بینینی رۆڵی ناوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتن، كە ئەویش رەت كرایەوە، داوای بەغدا لە تاران بۆ دوورخستنەوەی لە شەڕی ناوچەكە لە رێگەی جڵەوكردنی میلیشیاكانی، كە ئەوەش ئێران پێی رازی نیە، جیا لە هەردوو هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی داماڵینی چەك، كە ئێران داوای پەلەنەكردن تیایاندا لە زەیدی دەكات.
پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات، تاران بە نیازە شاندێكی فەرمی رەوانەی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چارەنووسی ئەو پارانەی لای بەغدا هەیەتی، لەگەڵ ئەوەش باش دەزانێت كە عێراق بە دۆخێكی خراپی ئابووری و كەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەكانی تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئێران گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی بەپەلەی ئەو دۆسیەیە.
لای خۆیەوە
سادق روكابی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، خەرجكردنی 11 ملیار دۆلار بۆ ئێران لەو دۆخەدا، بارگرانییەكی زۆر گەورەیە بۆ عێراق، بڕە پارەكە ئەوەندەی دوو بڕی پێویستە بۆ مووچەی مانگانە، جیا لەوە یەدەگی دارایی عێراق زۆركەمی كردووە و هەر لێچوونێك رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی نرخی دینار دەبێت.
ئەو شارەزایە پێی وایە ئێران كاتێكی زۆر هەستیاری بۆ گوشاركردن لە بەغدا هەڵبژاردووە، بە سوودبینین لە بوونی تەنگژەی كەمیی كارەبا و دۆخی خراپی دارایی عێراق.