ئێستە پەرلەمانی عێراق خەریكی تێپەڕاندنی حیساباتی خیتامی بودجەی ساڵانی رابردووی عێراقە، سەرۆكی فراكسیۆنی ئیعمار و تەنمییە رای گەیاند كە فراكسیۆنەكە دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساكانی حیساباتی خیتامی ساڵانی رابردوو بێ گەڕانەوە بۆ حیساباتی ساڵی 2012 رەت دەكاتەوە، بۆ وەستان لەسەر پێشێلكارییەكان لەو سەردەمەدا.
ئەمڕۆ
بەها ئەعرەجی سەرۆكی فراكسیۆنی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، راپۆرتەكانی دیوانی چاودێری دارایی بوونی كەموكوڕی لە بنیاتی ئیدارەی دارایی دەوڵەت لە ساڵانی 2012 بۆ 2015 دەردەخات، كە بریتییە لە زیادەڕۆیی لە پارە تەرخانكراوەكان و پێدانی قەرز بە بڕی دەیان ترلیۆن دینار بە شێوەی نایاسایی و رەشكردنەوەی هەندێكی بێ بنەمای فەرمی و بوونی هەڵەی تۆمار و دواكەوتن لە تەواوكردنی حیساباتەكان.
روونی كردەوە، تێپەڕاندنی شێوەیی ئەو پێشێلكارییانە قبووڵنەكراوە، لەو سۆنگەوە وەك ئیعمار و تەنمییە ئەنجامدانی دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆەیاساكانی حیساباتی خیتامی بۆ ئەو ساڵانە بێ وەستان لەسەر هۆكاری ئەو پێشێلكارییانە و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆیان كە سەروەری یاسا و لێپێچینەوە مسۆگەر بكات، رەت دەكەینەوە.
دوێنێ پەرلەمانی عێراق یەكەم خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسای حیساباتی خیتامی ساڵانی دارایی 2013 و 2014 و 2015 ئەنجام دا، كاتێك حیساباتی خیتامی تەواوی حكوومەتەكانی عێراق لە دوای 2003، كە هەر هەمووی بە دەستی شیعەوە بووە، نیوچە پەككەوتوو بووە، ئەوەش وای كردووە بە درێژایی ئەو ماوەیە چاودێری بەسەر خەرجكردنی پارەی بودجەكان نەبێت.
لە سەردەمی نووری مالیكی لە 2006 تا 2014، حیساباتی خیتامی ساڵانە لە وادەی خۆی پەسند نەكراوە لە پەرلەمان، لە 2014 دەوڵەت بێ بودجە بوو، لە سەردەمی حەیدەر عەبادی لە 2014 تا 2018، حیساباتی خیتامی ساڵانی 2006 تا 2011 بەیەك پاكێج لە رێگەی رێككەوتنی سیاسی تێپەڕ كرا، لەو ساتەوە تا حكوومەتی عەلی زەیدی، حیساباتی خیتامی ساڵانی 2016 بە سەرەوە لەژێر لێوردبوونەوەدایە و وەك یاسای پەسندكراو و بەركار لە پەرلەمان دەرنەچووە.