لە دوای وەرگرتنی متمانەی حكوومەتەكەی لە 14ی ئایاری رابردوو، عەلی زەیدی دەستی بۆ دوو دۆسیەی هەستیار بردوو و دوو هەڵمەتی گەورەی بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی و راوەدوونانی تۆمەتباران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی عێراقی دەست پێ كرد، دەستپێشخەریی عێراقیوون وریایی لەبارەی هەڵمەتەكە دەدات.
دەستپێشخەریی عێراقیوون، كە دەیان رۆژنامەوان و ئەكادیمی و چالاكی عێراقی لەخۆ گرتووە، وریایی لەبارەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دا، لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە هەڵمەتەكە دەری خست كە گومانی خراپی شەقامی عێراق بەرانبەر بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنەكان لە شوێنی خۆی بووە، بەهۆی هێزەكانی دەسەڵات، گەندەڵی لە عێراق لە ئاكارێكی تاكەكەسییەوە بووەتە سیستمێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی تۆكمە و پێوەستە بە تۆڕی دەسەڵاتی سیاسی و بەشبەشێنەی حزبییەوە.
دەستپێشخەرییەكە پرسیاری ئەوەی ورووژاند ئاخۆ بۆچی جێبەجێكردنی رێوشوێنەكان بەرانبەر بە تۆمەتباران و ئەوانەشی كە سامان و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیان زۆر بووە، لە گەورە و بچووك دوا كەوت، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تەنیا گرتنی چەند كەسێك نییە، بەڵكو پێویستی بە چارەسەركردنی ژینگە و داینگەی و چاكسازی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و داخستنی دەروازەكانی دزی و جێبەجێكردنی پرەنسیپی "سامانەكانت لە كوێ بوو" هەیە، بەپەلە و لەسەر هەمووان بێ جیاوازی.