لە كۆتای مانگی حوزەیرانی رابردوو هەڵمەتی داماڵینی چەكی نایاسایی لە عێراق دەستی پێ كرد، سێ گرووپی چەكدار ئامادەییان بۆ دانانی چەك راگەیاند، شارەزایەكی تەناهی پێی وایە حكوومەتی عێراق ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر چەند میلیشیایەك بسەپێنێت كە دانانی چەك رەت دەكەنەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەمەریكا راستەوخۆ بێتە ناو بابەتەكە.
د. ئەحمەد شەریفی شارەزای ستراتیجی و تەناهی ئاماژەی كرد كە بابەتی داماڵینی چەك تەنیا بەرنامەیەكی حكوومەتی ناوخۆیی نییە، بەڵكو داواكارییەكە لە چوارچێوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام پێ دەچێت جێبەجێكردنی ئەو خواستە پرۆسەیەكی زەحمەت بێت، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە حكوومەت لەو دۆسیە پاشەكشەی كردووە.
ئەو شارەزایە پێی وایە كێشەی گەورە ئەو میلیشیایانەن كە دانانی چەك رەت دەكەنەوە لەوانە بزاوی نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵا، بۆیە شكستهێنان لە داماڵینی چەك وا دەكات واشنتن بۆ حیساباتی كۆن بەرانبەر بە عێراق بگەڕێتەوە، واشنتن دەگاتە ئەو قەناعەتە كە زەیدی و حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی كاریگەرییان لەسەر میلیشیاكان نییە.
شەریفی پێشبینی دەكات وەك كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتی بەرانبەر بەو شكستە، ئەمەریكا راستەوخۆ بارەگەی میلیشیاكان بكاتە ئامانج، رەنگە پێش گەڕێكی نوێی شەڕ لە دژی ئێران، بۆ دوورخستنەوەیان لە بەشداری لە شەڕەكە، بەتایبەتی واشنتن پێی وایە ئەو میلیشیایانەی چەك دانانێن، لە كاتی نوێبوونەوەی شەڕی ئێران بەكاری دێنن، بۆیە ئاماژە هەیە ئەو دۆسیە بەنێودەوڵەتی بكرێت و بەمنزیكانە هێرشی ئاسمانی بكرێتە سەر میلیشیاكان.