خامنەیی مەرجەکانی تاران بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا ئاشکرا دەکات

:: PM:09:32:26/07/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 26ی تەمووزی 2026، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران مەرجەکانی تارانی بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، یەکەم مەرجیان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی لبنان و کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل-ە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران بە بەرپرسانی پاکستانی ڕاگەیاندووە، لە گفتوگۆکان نەکشاوەتەوە، بەڵکو تەنیا هەڵیپەساردووە و ئامادەیە بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بەردەوام بێت.

خامنەیی لە وەڵامی پەیامێکدا کە ئاڕاستەی حیزبوڵای لبنانی کردووە و لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران پاراستنی سەروەریی لوبنان و کۆتاییهێنانی تەواوەتی و بێ هیچ مەرجێکی بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی، وەک یەکەم مەرج لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی سەپێنراو لەگەڵ ئەمەریکای دەستدرێژیکەردا داناوە.

پێشتر و هەر ئەمڕۆ، میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە کە ئێران بە بەرپرسانی پاکستانی ڕاگەیاندووە، لە گفتوگۆکان نەکشاوەتەوە، بەڵکو تەنیا هەڵیپەساردووە. هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە ئامادەیە بەپێی ئەو یاداشتەی لێکتێگەیشتن کە لە نێوان واشنتن و تاراندا واژوو کراوە، بەردەوام بێت لە گفتوگۆکان. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا و ئێران وەڵامی خۆیان بۆ ئەو پێشنیازەی پاکستان و قەتەر دایەوە، کە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بوو دوای ماوەیەک لە گرژی و پەرەسەندن.

جێی باسە، لە 26ی حوزەیرانی ڕابردوودا، لبنان و ئیسرائیل دوای پێنج خولی گفتوگۆ، ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیان واژوو کرد، کە بەتایبەتی لەخۆگری چەککردنی حیزبوڵا و کشانەوەی پلەبەندی ئیسرائیل بوو لەو خاکانەی لە باشووری لوبنان داگیری کردبوون، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سوپای لوبنان لە "دوو ناوچەی تاقیکاریدا."


وشە - پۆڵا مەحموود