كارنامەی سەردانی زەیدی بۆ توركیا و سعوودیە

:: PM:10:49:26/07/2026 ‌
بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەریەك لە توركیا و سعوودیە بكات، چەند سەرچاوەیەك باسی گرنگترین دۆسیەكانی هەردوو سەردانەكە دەكەن، كە زیاتر پرسە ئابووری و نەوت و دۆخی ناوچەكەیان بەسەردا زاڵە.

چەند سەرچاوەیەك باسی گرنگترین تەوەرەكانی سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ توركیا دەكات، لەوانە ئەو غەرامەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس بەسەر توركیای سەپاند و تا ئێستە توركیا بە عێراقی نەداوە، جیا لە باسكردنی دۆسیەی ئاو و ئەو بەنداوانەی توركیا بەڵێنی دروستكردنی لە عێراق بە پارەی قەرزەكە داوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، زەیدی لە توركیا گفتوگۆ لەبارەی بوونی سەربازیی توركیا لەناو خاكی عێراق و دۆسیەی نەوت و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو دەكات، بۆیە شاندێكی باڵا و فرەوانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی لەو سەردانە هاوەڵی زەیدی دەكات.

لە دوای سەردانەكەی سێشەمی داهاتوو بۆ توركیا، زەیدی پێنجشەم سەردانی سعوودیە دەكات، بەپێی سەرچاوەیەك لە ریاز باسی نەوت و زەیندووكردنەوەی بۆری نەوتی عێراق و سعوودیە بە ئاراستەی بەندەری عەقەبە و دەریای سوور دەكرێت، كە لە دوای 1990 لە لایەن سعوودیەوە دەستی بەسەردا گیراوە، جیا لە باسكردنی میكانیزمەكانی وڵاتانی كەنداو بۆ هێوركردنەوەی ناوچەكە گرتوویانەتە بەر، لەپاڵ هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان لە ناوچەكە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل