زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە ئەوەی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا روودەدات شەڕێكی بە هەنگاو و ناتەواوە بۆ خۆپاراستن لە زیانەكان و گرەوكردن لەسەر كات بۆ یەكتر لاوازكردن، ئەوجارەش هێرشەكان وەستان و باسی دانوستان دەكرێت، بەرپرسانی پاكستان پێیان وایە رەنگە سەرۆكی ئەمەریكا فەرمان بە هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێران بدات.
بەرپرسانی هەواڵگریی
پاكستان، كە وڵاتەكەیان رۆڵی ناوەنگیر لە دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ ئاگربەست و رێككەوتن دەبینێت، پێیان وایە كە رەنگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فەرمان بە ئەنجامدانی هێرشێكی زەوینی بۆ سەر ئێران بدات، وەك ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە.
ئەو بەرپرسە پاكستانییانە دووپاتیان كردەوە كە پێشبینی دەكرێت بەر لە واژووكردنی هەر رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ ئێران، هێرشێكی سنوورداری زەوینی بكاتە سەر ئێران بۆ دابڕینی كەناراوەكانی ئەو وڵاتە، ئەوەش سەرەڕای گوشارە ناوخۆییەكان و وریاییدانی جەنەراڵەكانی لەوبارەوە.
بەرپرسێكی پاكستانی گوتی، چەندان ئاماژە هەن بەوەی سەرۆك ترەمپ ئەو نیازەی هەیە، لەوانە بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازی و گوتارەكانی، ئەوە لەوكاتەی شارەزایانی سەربازی پێیان وایە هێرشی زەوینیی بۆ سەر ئێران مەترسیی گەورەی تیادایە، چونكە ئەو كات هێزە هێرشبەرەكان دەبنە ئامانجێكی ئاسانی مووشەك و درۆنی ئێران.