لە میانی سەردانەكەی هەفتەی رابردووی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران، تاران داوای 11 ملیار دۆلاری قەرزی غاز و كارەبای لە عێراق كردەوە، ئەوە لەوكاتەی دۆخی دارایی عێراق و كارەباكەی خراپە، بۆیە ناتوانێت چاوپۆشی لە هیچیان بكات، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە عێراق و ئەمەریكا لەسەر دانەوەی قەرزی ئێران لە رێگەی خۆراك و دەرمان رێك كەوتوون.
ریاز عەدای ئەندامی لیژنەی كارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە عێراق و ئەمەریكا رێككەوتنێكیان كردووە بۆ دانەوەی قەرزەكانی ئێران لە بری ئەو غازەی بە عێراقی داوە بە كاڵا و مادە خۆراكییەكان و دەرمان، لە بری پێدانی پارەی كاش، ئەوە لەوكاتەی ئێران داوای 11 ملیار دۆلار قەرز لە عێراق دەكات، كە ئێستە بەشێكی ئەو پارە لە بانكی بازرگانیی عێراقە، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران ناتوانرێت بۆی حەواڵە بكرێت.
روونی كردەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆسیەیە گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هەردوو شاندی عێراق و ئێران هەیە، بۆ گەڕاندنەوەی غازی ئێرانی بۆ وێستگەكانی كارەبای عێراق، ئەوە لەوكاتەی پێنجشەمی رابردوو هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ تاران، عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران رای گەیاند كە ئەو بابەتەیان لەگەڵ شاندی عێراق باس كردووە و هەوڵ دەدەن قەرزەكانیان لە عێراق وەربگرنەوە.