دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە خاكی عێراقەوە بە درۆن هێرشیان كردووەتە سەر سعوودیە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو سەردانی ریاز بكات، فەرمانی كرد بە لێكۆڵینەوە لە كردنەئامانجی سعوودیە لە خاكی عێراقەوە.
سەباح نوعمان گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەمڕۆ دووشەم عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانی بە لایەنە تەناهییە تایبەتەمەندەكان كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەوەی لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە هاتووە، بە كردنەئامانجی بە چەند درۆنێك كە لە خاكی عێراقەوە هەڵدراوە.
ئەمڕۆ دووشەم توركی مالیكی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رای گەیاند كە هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە چەندان درۆنیان تێك شكاندووە، كە هەوڵیان داوە دامەزراوە نەوتییەكان لە رۆژهەڵاتی سعوودیە و ریاز بكەنە ئامانج، دووپاتی كردەوە كە ئەو درۆنانە لە خاكی عێراقەوە هەڵدراون و میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئەنجامیان داوە، ریاز مافی وەڵامدانەوەی هەیە، بەڵام بۆ كات و شوێنێكی گونجاو هەڵی دەگرێت.