رێبوار بابكەیی: هەرێم بەڵگەی لایە بەوەی درۆنەكان لە عێراقەوەش هەڵدەدرێن

:: PM:09:56:27/07/2026 ‌

میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە عێراق بێ ئەوەی بەرپرسیارەتیی خۆیان رابگەیەنن، لە بۆردمانكردنی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە بەردەوامن، ئەوەش وای كردووە هەولێر و وڵاتانی ناوچەكە داوا لە عێراق بكەن ئەو هێرشانە بوەستێنێت، پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان ئاماژە دەكات كە هەرێم بەڵگەی سەلمێنەری بە بەغدا داوە بەوەی هێرشە درۆنییەكان لە چەند ناوچەكی عێراقەوە دەكرێن.

د. رێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان رای گەیاند كە هەرێمی كوردستان بەڵگەی سەلمێنەری لایە بەوەی ئەو درۆنانەی بۆردمانی دەكەن لە چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و باكوری عێراقەوە هەڵدەدرێن، لە نەینەوا و كەركووك و پارێزگای تریش، جیا لە ئێران و ئەو بەڵگانەش لای هەرێم هەن. 

روونی كردەوە، ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ كرد بەوەی هەندێك لە درۆنەكان لە لایەن گرووپیە یاساشكێنەكان لە نەینەواوە هەڵدەدرێن، پشتی بە راستیی رووداوەكانەوە بەستووە، لە سایەی بوونی هاوئاهەنگیی بەرزی تەناهی نێوانیان، ئەو لایەنانەی لەپشت كارەكەوەن لای هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم ناسراون.  

بابكەیی دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی رێوشوێنەكانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆسیە دەكات، لێدوانەكانی هەرێمیش لەو بارەوە وریاكردنەوەی بەغدا نییە، بەڵكو لە چوارچێوەی سووربوونە لەسەر داوای لە حكوومەتی فیدراڵی بە پێویستیی چارەسەركردنی دیاردەی چەكی بەرەڵا بە دەستی ئەو گرووپانەی هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل