بۆ رێگری لە ئاهەنگێكی مارەبڕین یەكێتی هێزی جووڵاند

:: AM:12:12:04/03/2023 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی شوباتی 2023، لەلایەن هێزێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە رێگری لە ئاهەنگی مارەبڕینی "مەهدی" كوڕی لیوا چەتۆ ساڵحی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەت كراوە و پشێوی و ئاژاوەیان خستووەتە ناو ئاهەنگی مارەبڕینەكە. 

پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە كە لەناو كۆشكی سپی هەولێر بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیان لەگەڵ بافڵ و قوباد تاڵەبانی، هێزێكی چەكدار ویستیان لیوا چەتۆ ساڵح بڕفێنن بەڵام لە هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبوون. 

بەپێی نامەیەكی لیوا چەتۆ بەهۆی ئەم رووداوە كە بۆ كوڕەكەی خۆی ناردووە و دەست "وشە" كەوتووە هاتووە " كوڕی شیرینم، بەداخەوە تینووەکانی شەڕو ئاژاوە و هێزەکانی (سهرجادەی قیڕو نیرۆی تازه نەفهس) و قوڕمیش کرا، کەوتنە حاڵەتی شپرزەیی و پەلەقاژە و چاودێری و هێزجوڵاندن و هەوڵی تێکدانی بۆنەکەتان و ویستیان بە ئازاردانی کاکی تاقانەت مێژوویەکی ڕەش بخەنە تۆمارە پڕ لە شەرمەزاریەکانیان. 

لە نامەكەی لیوا چەتۆ كە بۆ كوڕەكەی نووسراوە زیاتر هاتووە، بەڵێنی ئەوە لە باوکت وەرگرە کە لە کاتی خۆیدا ئەم غەدرانەی دەکرێن بە دەستێکی پۆڵایین تۆڵەیان دەکرێتەوە، بەڵێنبێت بۆ نەهێشتنی ئەو عەقڵیەت و هەڵسوکەوت و نەریتە نامۆیانە لە گەڵ هەموو هاوئازارەکانم هەمو توانام بخەمە گەڕ بۆ ئەوەی حزبی شەهیدان بخەینەوە سەر شاڕێی خۆی تاوەکو تۆو نەوەکانمان و کوردستانیان بە ئارامی ژیانبکەن.

دەقی نامەكەی لیوا چەتۆ ساڵح بۆ كوڕەكەی وەك خۆی: 

نامەیەکی کراوە بۆ دکتۆر هادی کوڕم

کوڕی خۆشەویستم، دکتۆر گیان!
هەڵگری نازناوی شەهید دكتۆر هادی سەربەرز و کاکی گەورەم.

بەڕاستی نازانم چۆن داوای لێبوردنت لێ بکەم کە نەمتوانی لە رۆژە پیرۆز و پڕشادییەکەتدا بەشداربم، 

بمبەخشە کە نەمتوانی شایەتی ژیانی نوێت بم و موحیببەت و نازی باوکایەتیت پێ ببەخشم 

جەرگەکەم دیارە قەدەر وای کردووە هەر لە ساڵانی 1970 کانەوە لە ویستگە جیاجیاکانی ژیانماندا، وەک لە باپیرە گەورەتەوە بۆمان ماوەتەوە ( باوكی شەهیدم کە لە شەڕێکی پاڵەوانانەی دەستەویەخەدا بە خەڵتانی خوێنەوە لە شاخی قەرەسردی دوکان وەک فەرماندەیەکی( سەرلق)ی ئەوكات له شەڕێکی سەختدا بەدیل گیرا و لە شۆڕشە نوێیە کەشماندا مامۆستابوو ڕابەرایەتی دەکردین) ئێمەش بۆمان ماوەتەوە کە مەخابن تا ئەم ساتەش سوچەکانی ژیانمان تەنراوە بە دەربەدەری و ئازارو خوێن و زیندانی و راوەدونان.
تەنیا و تەنیاش بەهۆی رادەستنەبوون و تەسلیمنەبوونمانەوە. 

هەر ٨ هەشت شەهیدەکانمان ( باپیرت و حەوت مامەکانت )  بۆ ئەم خاکەو یەکێتی و خۆشگوزەرانی کورد تاشەهیدبونیان نەسرەوتن، بەڵام دیارە قەدەر وایکردووە تاوەکو ئێستا هەوری شوم و ڕەشی سەرمان لانەچێت و ئازادیمان وەدی نەیەت.
کوڕی شیرینم من هەوڵم دا لەگەڵت بم بەڵام بۆ پاراستی بۆنە پیرۆزەکەت تاقە براکەم ( مامت سە باح)و برا تاقانەکەت( كاكه ئاوات)م لە جیاتی خۆشم کردنە هاوبەشی بۆنە پیرۆزەکەت، بەڵام بەداخەوە تینووەکانی شەڕو ئاژاوەو هێزە کانی (سه رجادەی قیرو نیروی تازه نه فه س ) و قوڕمیش کراو، پڕکراو لە باڵانس و وەحدە، کە وتنە حاڵەتی شپرزەیی و پەلەقاژە و چاو دێری و هێزجوڵاندن و هەوڵی تێکدانی بۆنەکەتان و ویستیان بە ئازاردانی کاکی تاقانەت مێژویەکی ڕەش بخەنە تۆمارە پڕ لە شەرمەزاریەکانیان.

کوڕی عاقڵ وسەنگینم پیرۆزبایت لێدەکەم و دەڵێم بێ خەم و ئارامبە، ئێستا کاکت ئاوات لای خۆمە.... 

بەڵێنی ئەوەش لە باوکت وەربگرە کە لە کاتی خۆیدا ئەم غەدرانەی دەکرێن بە دەستێکی پۆڵایین تۆڵەیان دەکرێتەوە، بەڵێن بێت بۆنە هێشتنی ئەو  عەقڵیەت و هەڵسو کەوت و نەریتە نامۆیانە لە گەڵ هەموو هاوئازارەکانم هەمو توانام بخەمە گەڕ بۆ ئەوەی حزبی شەهیدان بخەینەوە سەر شاڕێ ی خۆی تاوەکو تۆو نەوەکانمان و کوردستانیان بە ئارامی ژیانبکەن.

باوکت . لیوا چەتۆ  
کوڕی شەهید ساڵح سعید



وشە - تایبه‌ت