"یەكێتی حزبێكی بچووكە و دەبێت قەبارەی خۆی بزانێت"

:: AM:10:20:19/03/2023 ‌
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو حزبەی كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پارتی زۆرترین هاوكاریی كردووە و بەردەوام دەستی گرتووە و لە سیاسەت و لە دەسەڵاتدا پۆست و پلەی زیاتری پێ داوە، حیسابی حزبێكی خاوەن خەبات و مێژوویی بۆ كردووە، بەڵام هەمیشە قاچی راكێشاوە و بیانووی هەبووە و ویستوویەتی بە ویست و ئارەزووی خۆی كارەكان بەڕێوە بچن.

جیهاد حەسەن ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی هەمیشە رێزی لە خەبات و مێژووی یەكێتی گرتووە و لە كورسییەكانی خۆی بەشی یەكێتیی داوە، كورسیی پارتی بوو و دەدرا بە یەكێتی، بەڵام یەكێتی چیتر با وا نەزانێت هەر هەمان سەردەم و وەك رابردووە، پارتی بڕوای بە دیموكراسی هەیە، هەر لەبەرئەوەشە دەبێت قەبارەی هەر حزبێك وەك خۆی مامەڵە و سیاسەتی لەگەڵ بكرێت.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی بیەوێ چیی پێ خۆش بێت ئەوە بكرێت و ئەوەی داوا بكات بۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوەش بە كەمتر لە نیوەی كورسییەكانی یەكێتی، ئەوە دادپەروەریی هەڵبژاردن نییە، یەكێتی ئێستە حزبێكی زۆر بچووكە بەراورد لەگەڵ پارتی و دەبێت قەبارەی خۆی بزانێت، ناكرێت پێی وابێت پارتی هەمان مامەڵە و سیاسەتی رابردووی لەگەڵ دەكات، بۆیە حیسابی حزبی بچووكی بۆ دەكرێت، وەك ئەوە وایە منداڵێك جل و قەمسەڵەی باپیری خۆی لەبەر بكات كە ئەوە نابێت، سەردەمی پەنجا بە پەنجا كۆتایی هاتووە و لەگەڵ یەكێتی وەك منداڵ و باپیرەكە وایە.

ئەوشی گوت، وەزیرەكانی یەكێتی هیچ هاوكار نەبوون لەگەڵ حكوومەت، پارتی چیتر ئەو هەڵەیە دووبارە ناكاتەوە، ئیتر مامەڵەی دەنگ و كورسی و جەماوەر بۆ یەكێتی دەكەین، پارتی خۆی ناكاتە قوربانی یەكێتی، هەر بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت لە هێندەی باڵای خۆی بێت و هیچیتر، ئەمە باشترین وەڵامە بۆ یەكێتی تا بزانێت لەگەڵ كێ سیاسەت دەكات و چی دەكات، تا قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت.

هێمن ئەسعەد شارەزای سیاسەت، بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی چیتر لە ئاست پارتی نییە و حزبێكە لە خوار پارتییەوەیە، یەكێتی ركابەریی پارتی پێ ناكرێت و ناتوانن وەك رابردوو شانبەشانی پارتی بوەستن، بۆیە هاتووە بە جۆرێكی تر كار دەكات، ئەویش ئەوەیە دەیەوێت بە هەمان قەبارەی رابردوو پارتی سەیری بكات و حیسابی بۆ بكات، ئەمە هەڵگەڕانەوەی سیاسەتە بە جۆرێكی تر.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی ئاڵۆزی و گرژی دروست دەكات بۆ ئەوەی پارتی ناچار بە هەندێ شت بكات، بەڵام پێم وابێت ئەو سەردەمە بە تەواوی لای پارتی رۆیشتووە و نەماوە، چیتر پارتیش ئەو حیسابەی رابردوو بۆ یەكێتی ناكات، راستە لە رابردوو پێكەوە بوون و هاوبەش بوون، بەڵام ئێستە بەو جۆرە نییە، یەكێتی كەی بیەوێت لە حكوومەتە و كەی بیەوێت دێتە دەرەوە، هەر ئەمەش وایكردووە پارتی پێداچوونەوەی خێرا بە سیاسەتە و مامەڵەكانی خۆی لەگەڵ یەكێتی بكات و چیتر پێی بڵێ نا و بەسە.

بانیان هیوا چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی بۆ ئەوەی خۆی بە هاوشان و ركابەری پارتی بزانێت، دەبێت كورسییەكانی لێكدانی دوو بكات، ئەگەرنا لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دەمێكە یەكێتی ركابەری پارتی نەماوە، پارتیش بۆی دەركەوتووە یەكێتی دەبێت چیتر ئەوە بزانێت كە قەبارەی چەندە، سەردەمی پێش 2010 تەواو بوو، ئێستە سەردەمێكی ترە و خەڵكیش بەوە رازی نابن كە پارتی بۆ یەكێتی دەكات و ئەندام و لایەنگر پێی رازی نابن.

وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد