ئێزیدییەكانیش بەفەرمی داوای كورسی بۆ پەرلەمانی كوردستان دەكەن

:: AM:10:54:19/03/2023 ‌
لەگەڵ ئەوەی لێكنزیكبوونەوە لە نێوان پارتی و یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردن هەیە و گرفتی پێكهاتەكان چارەسەر دەكرێ، بەڵام ئێزیدییەكانیش داوای كورسیی كۆتا دەكەن. گوتەبێژی پەرستگەی لالش رای دەگەیەنێت، دەیانەوێ بەشداری لە بڕیارەكانی ئەم وڵاتە بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئادار، كاروان باعەدڕێ گوتەبێژی دەستەی بنكەی باڵای لالشی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی، بۆ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وەك هەر پێكهاتەیەكی تری نەتەوەیی و ئاینی كە بەشدارن لە بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان، دەیانەوێ ئەوانیش وەك ئێزیدییەكان بەشدار بن.

ئێزیدییەكان لە عێراق، ئەڵمانیا، رووسیا، ئەرمینیا، جۆرجیا و هۆڵەندا بڵاو بوونەتەوە، پەرستگەی لالش لە شارۆكەی شێخانە، ئێزیدییەكان دەڵێن،"ئەوە حەجی ئێمەیە".

گوتەبێژی لالش روونی دەكاتەوە، ژمارەی ئەوان بەشی ئەوە ناكات كورسی پێ بەدەست بهێنن، بەڵام دەكرێ كورسیی كۆتای ئاینمان بۆ دابنێن، لەبەرئەوەی پێكهاتەی رەسەنی ئەو وڵاتەین و دەمانەوێت لە بڕیارە گرنگەكان بەشدار بكەین".

بەگوتەی باعەدرێ ئەوان داوای سێ بۆ پێنج كورسی دەكەن، بۆیە دەڵێت، "كاندیدەكانی ئێمە لەناو هەر هێزێك بن گرفتمان نییە، ئەوەی گرفتە ئێمە لە پەرلەمان نەبین".

لە هەرێمی كوردستاندا پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی خاوەنی 11 كورسیی پەرلەمانین، بە جۆرێك نەتەوەی توركمان پێنج كورسی، كریستیان، كلدان و سریان و ئاشوور پێنج كورسی، ئەرمەنیش یەك كورسی، بەڵام ئێستە هەریەك لە ئێزیدییەكان و كاكەییەكانیش داوای كورسی دەكەن، بەڵام لایەنەكان لەوبارەیەوە گفتوگۆیان نەكردووە.

بەپێی ئەو داتا نافەرمییانەی لە بەردەستن، ژمارەی ئێزیدییەكان لە عێراق زیاترە لە ملیۆن و 200 هەزار كەس، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 500 بۆ 650 هەزاریان ماوەتەوە و ئەوانی تر چوونەتە دەرەوەی عێراق.

زۆرینەی ئێزیدییەكان لە شنگال و شێخان نیشتەجێن. هەروەها بەشێكیشیان لە پارێزگای دهۆك لە باعەدرێ، شارییە و خانكێ، لەگەڵ دێنكێ كە سەربە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە.

هەروەها ئێزیدییەكان لە عێراق، ئەڵمانیا، رووسیا، ئەرمینیا، جۆرجیا و هۆڵەندا بڵاو بوونەتەوە، پەرستگەی لالش لە شارۆكەی شێخانە، ئێزیدییەكان دەڵێن،"ئەوە حەجی ئێمەیە". 


وشە - زریان تەها