لە سلێمانی تەرمی هاووڵاتییەك بە كوژراوی دۆزرایەوە

:: AM:10:13:20/03/2023 ‌
تەرمی هاووڵاتییەك لە گەڕەكێكی سلێمانی دۆزرایەوە كە پیشەی شوفێری تاكسییە و لە ڕۆژی هەینییەوە چارەنووسی نادیارە.

ئاسایشی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ورد، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، تەرمی هاووڵاتییەك بە كوژراوی لە گەڕەكی كەنەسوورەی سلێمانی دەدۆزنەوە.

ئەوەیش زانراوە، ئەو كەسەی كوژراوە پیشەی شۆفێری تاكسی بووە، لە رۆژی هەینییەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، كەسوكارەكەی سكاڵایان كردووە و بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵێكدا تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.

ئەوەیش بڵاو بووەتەوە، قوربانییەكە ناوی "ڕ.ح.م" /46 ساڵ/ـەخێزاندارە و باوكی شەش منداڵە، تا ئێستە نازانرێت ئەو ماڵەی تەرمەكەی تێدا شاراوەتەوە كێ خاوەنداریەتیی دەكات.

دۆزینەوەی ئەو تەرمە لە كاتێكدایە بوونی زۆری هێزی زۆری چەكدار، نائارامییەكی تەواوی لەو شارە دروست كردووە، پێشتریش چەندان رووداوی نەخوازراو رووی داوە، لەوانە كوشتنی تاریقی بەقاڵ و چەند هاووڵاتییەكی تر كە هۆكارەكەشی زۆربوونی چەكە لە دەست هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد