كشتوكاڵی دهۆك: بەغدا لە وەرگرتنی گەنم غەدرێكی گەورەی لە ئێمە كردووە

:: PM:09:08:29/05/2023 ‌

بەڕێوبەری كشتوكاڵی دهۆك ئاماژە دەكات كە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بەغدا غەدرێكی گەورەی لەوان كردووە، كاتێك لە كۆی 400 هەزار تۆن، تەنیا 100 هەزار تۆن وەردەگرێت، بەڕێوبەری گشتی بازرگانیش دووپاتی دەكاتەوە كە حكوومەتی عێراق تەنیا 375 هەزار تۆن گەنم وەردەگرێت، هیچ بڕیارێكی فەرمیان بەدەست نەگەیشتووە كە هەموو گەنمەكە وەربگرێت.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری كشتوكاڵی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك بەرهەمی گەنم زۆر باش بوو، كە بەرهەمەكە دەگاتە نزیكەی 400 هەزار تۆن، بەڵام لە لایەن بەغداوە غەدرێكی گەورە لە جووتیارانی ئێمە كراوە، كە لە كۆی ئەو بڕە تەنیا 100 هەزار تۆن وەردەگرن .

زیاتر گوتی، سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی كشتوكاڵیش لەسەر خەتن بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، چونكە ئەوەی بۆ ئێمە دیاری كراوە رێژەكەی زۆر كەمە، بۆیە ئومێدەوارین ئەو كێشە چارەسەر بكرێت و هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرن.

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی گوت، بڕیار دراوە ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرن، تا ئێستەش بە فەرمی هیچمان بۆ نەهاتووە كە هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرن.
روونی كردەوە، كۆمپانیاكان كەرتی تایبەتن و ئەوان خۆیان ئازادن لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە لە 27ی ئەم مانگەوە دەستمان كردووە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە سایلۆكان.

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل