بۆچی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا؟

:: PM:10:37:29/05/2023 ‌

بە گوتەی شارەزایان و هاووڵاتییانی ئاساییش، ئەو رێككەوتنەی مانگی رابردوو لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و بودجە و پشكی هەرێمی كوردستانەوە كرا، خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دێنێت و هەرێم لە رووی ئابووری و پەرەپێدانەوە هەنگاوی گەورەی دەنا، هاوكات كۆتایی بە كێشە و ناكۆكییەكانی هەردوولا دەهات، كە چەندان ساڵە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.

لە رێككەوتنەكەی هەردوولا كە مانگی نیسانی رابردوو واژوو كرا، هەرێمی كوردستان پابەند دەبوو بە هەناردنی نەوتەكەی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بەغداش مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی دەنارد، هاوكات پۆستێكی باڵاش لە كۆمپانیای سۆمۆ دەدرایە كورد، بۆ ئەوەی چاودێری وردیی هەناردە و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات، شارەزا و هاووڵاتییان پێیان وایە ئەو رێككەوتنە زۆر باش بوو، هەر چەندە ئێستە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدات هەندێك لە بڕگەكانی لاببات.

د. خالید حەیدەر، مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە هیچ لەبارەی پرسی بودجە و پشكی كورد نەگۆڕاوە، هەندێك گۆڕانكاری باسكراون لە پڕۆژەكە، ئەویش لە چوارچێوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بووە، ئەو خاڵ و بڕگانەی كە زیادكراون هەرچەندە نەچووەتە ناو پەرلەمانی عێراق با ئەرێنی بین، بەڵام هەوڵ دەدرێت دۆخەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ رێككەوتنەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی عێراق.

هەروەها گوتی، بە دڵنیاییەوە ئەو رێككەوتنە زۆر باش بوو بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەگەر هەرێم پابەند بێت و نەوت بدات و بەغداش مووچە و بودجە بداتە هەرێم و جێبەجێ بكرێت، مووچە لە كاتی خۆی دەدرێت و شایستە داراییەكانی تری هەرێمی كوردستان دەدرێن و لە رووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر باش دەبوو، هەروەها پڕۆژە و وەبەرهێنان جێبەجێ دەكرێت و ئابوورییەكە ببوژێتەوە و ژیانی خەڵكی زۆر باشتر دەبوو و هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورەی دەنا لەو كەرتەدا.

لای خۆیەوە كاروان كەریم، مامۆستایەكی ترە بە "وشە"ی گوت، رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا كە هەردوو سەرۆكی هەردوو حكوومەت كردیان، لە بەرژەوەندی هەردوولا بوو، هیچ گرفتێكی بەدوای خۆی نەهێنا و بە یەك رۆژ هەردوولا واژوویان كرد و كۆتاییان بە كێشەكان هێنا، هەرێم پابەندییەكانی خۆی دەزانێت و لە بەرانبەردا مافەكانی خۆی لە بەغدا وەردەگرت، بەغداش پابەندییەكانی خۆی دەزانی و لە بەرانبەردا داواكارییەكانی كە لەسەر هەرێم بوو بۆ ئەنجام دەدرا، ئەم رێككەوتنە هەم خێرا و هەم بۆ هەردوولا زۆر باش و گونجاو بوو، بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە زۆر باش بوو.

روونی كردەوە، ئەو گۆڕانكارییانەی كە كران، ماوەی دوو رۆژە گرفتی گەورەی دروست كردووە و رەنگە ئێستەش بگەڕێنەوە سەر ئەو رێككەوتنەی كە كراوە بەبێ گرفت و ئاڵۆزی، هەردوولا ئەركی سەرشانیان جێبەجێ دەكەن و مافی خۆیان لە یەكتر وەردەگرن.

پێوەست بەو بابەتە بەسۆز میرزا، فەرمانبەر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، فەرمانبەران بەو رێككەوتنەی هەردوولا دڵخۆش بوون، چونكە لە رووی ئابووری و داراییەوە بۆ هەرێم زۆر باش بوو، هاوكات لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و هاووڵاتییان دابوو، هەرێم مانگانە پارەی خۆی وەردەگرت و مووچە دەدرایە فەرمانبەران، جگە لەو شایستانەی كە لە بودجە وەك پشكی هەرێم دیاری كرابوون، هەرێمیش نەوتەكەی بەشێوەیەكی یاسایی دەدایە بەغدا و كۆتایی بە گرفت و كێشەكان دەهێنا، ئێستەش ئەو رێككەوتنە باشترینە و خۆشگوزەرانی تیادابوو بۆ خەڵكی كوردستان.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل