یەکێتی بۆچی لە بەغدا وا دەکات؟

:: PM:05:19:10/06/2023 ‌
مشتومڕەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵ بەردەوامی هەیە، یەکێتیش بەهۆی ترسی لە هەڵبژاردنەوە بە هەر شێوەیەک بێت دەیەوێت لە بەغداوە خۆی لەو پرسە بشارێتەوە و ڕای گشتی بە ئاراستەیەکی تر فریو بدات. پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت "قوباد تاڵەبانی بە پرسیاریەتی باڵای لەناو حکوومەتی هەرێم هەیە، جێگەی سەرسووڕمانە نوێنەرەکانی حزبەکەی لە پەرلەمان وا دەکەن".

عەدنان محەمەد پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕەهەندە ئابووری و سیاسییەکان وا بەستن بە یەکترەوە، ئەو دۆخەی ئێستە لە بەغدا و بە تایبەتیش لەناو پەرلەماندا هەیە و دەگوزەرێت، ڕێک سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

زیاتر گوتی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت کە ترسی لە بەڕێوەچوون و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی کوردستان هەیە و دەزانێت ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی بەهۆی چەندان هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی کەم دەبێتەوە، هەر چییەک بکات، نە دەتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات و نە دەتوانێت جەماوەر و هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ئاشت بکاتەوە".

ڕوونی کردەوە، هەمیشە هەر کاتێک پارتێک یان لایەنێکی سیاسی بیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لە هەڵبژاردن بدزێتەوە، دەبێت لە خاڵێکی ترەوە کاری بۆ بکات، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم و بەغدا کە قوباد تاڵەبانی تیایدا بە پرسیاریەتی باڵای هەیە، جێگەی سەرسووڕمانە نوێنەرەکانی حزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق کەوتوونەتە خۆ نزیککردنەوە لە نەیارانی ئەزموونی حکومڕانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانێکی زۆرە بەکێتیشەوە خوێن و قوربانی زۆری بۆ دراوە.

لای خۆیەوە، نەجمەدین عەلی کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی، بۆ "وشە" باسی لەوە کرد، بۆمان مایەی شەرمە بڵێین یەکێتین!، چونکە ئەوەتا لە بەغداوە نوێنەرانی حزبەکە دەیانەوێت بە هەر ڕێگایەک بێت هەرێمی کوردستان بکەنە دوو بەش و بە جیا مامەڵەی دارایی و ئابووری لەگەڵ سلێمانی بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێستە یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات کوردستان تێکبدات و کێشەی تر دروست بکات تا هەڵبژاردنی کوردستان بەڕێوە نەچێت.






وشە - وشه‌