راگەیەنراوێك لە وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمەوە لەبارەی بەشە بودجەی كوردستان

:: PM:10:14:10/06/2023 ‌

ئەمشەو ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەندراوێكدا رووناكی خستە سەر ئەو كێشە و ململانێیەی لەناو بودجەی عێراق، بەتایبەتی پێوەست بە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان و ململانێی نێوان هێزە كوردستانییەكان لەوێ و كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی بڵاو كردەوە.

وەك لە راگەندراوەكەدا هاتووە، راستییەك هەیە كە كەس ناتوانێت سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان بەدەر بكات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاساییەوە، هەر بۆیە بەرنامەی چاكسازی راگەیاندووە، بەڵام نابێت هیچ كات رێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیكەڵ بە مافە دەستووری و یاسایی و نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت.

هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەو بڕگە و مادانەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كراون، كە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار و رێكەوتن و لێكتێگەیشتنانەن كە لەپێش پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكوومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی كوردستان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی واژوو كراون، دواتر لە بەرنامەی ویزاری كابینەكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر درا، دواتریش رێككەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی بەدوادا هات، دوایین رێككەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە 4ی نیسانی 2023 بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا واژوو كرا.

هەر لە سەرەتای رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حكوومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێككەوتنانە پەشیمان بوونەوە كە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوون، ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست كە دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچوككردنەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كە ئەوەش درێژكراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامیی سیاسەتێكی هەرێمییە بەرانبەر بە دۆزی كورد.

بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو كۆت و بەند و بارگرانییە زاڵمانەوە، دۆخێكیان بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندووە كە بەهیچ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتی هەرێمی كوردستان وەك هاووڵاتییەكی عێراقی نەكراوە، ئەوەش كارێك دەكات كە حكوومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بە ئەركەكانی خۆی هەستێت، بۆیە سەركۆنەی هەموو ئەو گۆڕانكارییە ستەمكارانەیە دەكەم، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆربەی تێچووی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای)، تا دوایی بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشكی كوردستان.

بەداخەوە جارێكی تر بەهۆی ناكۆكی و دووبەرەكی ناوماڵی كورد و بەهۆی موزایەدەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستییەوە، نەتوانرا كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستییەكان جیا بكرێتەوە، ئەو كەشوهەوا ناتەندروستەی ئێستە دروست بووە و دۆخێكی بەسەر هەرێمی كوردستان سەپاندووە كە هاوتای ئەنفالێكی ترە، ئۆباڵەكەی ئەگەر جاران بە تەنیا لە ئەستۆی حزبەكانی دەسەڵات بووبێت، ئەوا لەمەودوا لە ئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێز و لایەنانەیە كە دەنگیان بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق داوە، بۆیە ئۆباڵی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی كە لەمەودوا بەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەگرێت، لە ئەستۆی ئەوان و حكوومەتی عێراقدایە.

خۆزگە ئەو هێز و لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق كە بەناوی شەفافیەت و یەكسانییەوە ئەو هەموو كۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندووە، تەنیا لە 10%یان بەرانبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بكردایە، هەر هیچ نەبێت لە 10 ساڵی رابردوودا بۆ یەك جاریش حیساباتی خیتامیان رەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بكردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەكۆ نایاساییەكانی باركردنی نەوتیان سنووردار بكردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەكەی عێراق چارەنووسی دیاری بكرایە، سەرەڕای ئەوەی كە رۆژانە بە سەتان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەكەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێی زەرەرمەندە، كە ئەگەر پێچەوانەكەی بكرایە سەرەڕای دەستخۆشی، ئەو كاتە هەر گوشارێكیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوایە لێكدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەكرد.

وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێم لە كۆتاییدا دەڵێت، خۆزگە بۆ یەكجاریش پەرلەمانتارانی كوردم لە بەغدا دەبینی، تەنیا روویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێكیان لە عێراقش بدایەتەوە، ئاخۆ گەندەڵی لێ یە؟



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل