چاودێرێك: گۆڕانكارییەك ڕوو دەدات و كوردستان ئایندەی گەشە

:: PM:02:51:26/08/2023 ‌
چاودێرێكی سیاسی رای دەگەیەنێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا گۆڕانكارییەكی گەورە بۆ هەرێم دروست دەكات و دەڵێ، پێم وایە ئایندەیەكی گەش هەیە لە بەردەم هەرێمی كوردستاندا كە بە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەشكێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەم 24ی ئابی 2023، هەریەكە لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی و ئاڵپئارسڵان بایراكتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا، گەیشتنە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆبوونەوە. 

لە كۆبوونەوەكاندا دووپات لە هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا كرایەوە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، دەبێت "ڕێگەی پەرەپێدان" و بەستنەوەی وڵاتانی كەنداو و عێراق بە توركیا و جیهانەوە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت.  

سەردانی وەزیرانی توركیا لەو كاتەدا، گرنگییەكی گەورەی بۆ كوردستان هەبوو، چونكە هاوكات بوو لەگەڵ كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە كە بە گوێرەی دەستووری عێراق داوای مافەكانی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 26 ئاب، د.نەزاكەت حوسێن چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، سەردانەكەی وەزیری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، پێگەكەی لە ئاستێكی سیاسیی باڵادایە كە بێگومان كۆمەڵێك ئامانجی خۆی دەبێت.

ئەو دەڵێ، پێوەندییەكی ئابووری و تا ئاستێكیش هاوئاهەنگی و دراوسێیەتیش هەیە، لە كاتێكدا ئەو سەردانەی كردووە ناكۆكییەك لە نێوان حكوومەتی عێراق و كوردستان و توركیا هەیە لەسەر كۆمەڵێك بابەتی هەڵواسراو وەك، نەوت و وزە و سووتەمەنی كە پێویستی بە چارەسەركردنە، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، بە گەشبینی لێی دەڕوانم، پێم وایە ئایندەیەك هەیە لە بەردەم هەرێم و گۆڕانكارییەك ڕوو دەدات، ئەو گۆڕانكارییەش بە پێشبینی خۆم بە بەرژەوەندیی قەوارەی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان دەشكێتەوە.

كاریگەریی ئەرێنی دەبێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی قسەكانی ئەو كە هاوكات لە میدیاكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەمنزیكانەدا سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هەیە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، هاتنی ئەم بەرپرسانە، كاریگەریی گەورەی دەبێت، چونكە ئێستە توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هاوكێشە سیاسییەكاندا، ڕۆڵیكی كاریگەری هەیە، بۆیە سەردانەكان و پێوەندییە دیپلۆماسییەكان و هەر پێوەندییەكی تر، كاریگەریی ئەرێنی دەبێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

"من وای دەبینم ئەم سەردان و جووڵە دیپلۆماسییانە لەم كاتەدا، گۆڕانكاریی باشی بواری ئابووری و پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی دەبێت بۆ كوردستان". نەزاكەت حوسێن وا دەڵێ.

هەرێمی كوردستان و توركیا جیا لەوەی پێوەندییەكی تۆكمەی ئابووری لە نێوانیاندا هەیە، هاوكات لەڕووی سیاسیی و دیپۆلۆماسییشدا دوو لایەنی پێكەوە گرێدراون و چەندان دیدار و كۆبوونەوە لەماوەی رابردوو لە نێوان سەرانی هەردوو لایەندا هەبووە. 


وشە - لاڤین عومەر