پارێزگاری هەولێر سەردانی ناشڤێڵ دەكات

:: AM:10:21:03/09/2023 ‌
بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژووکردنی چەند رێککەوتننامەیەک، شاندێكی پارێزگای هەولێر بە سەرۆكایەتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەردانی شاری ناشڤێڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەن.

رۆژی حەوتی تەمووزی 2023 نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا رای گەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤێڵ بە زۆرینەی دەنگ، شاری هەولێری وەك دەستەخوشكی شارەكەیان پەسند كرد، ئەمەیش دوای ئەوە هات كە لە كۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، شاندێكی شارەوانیی ناشڤێڵ سەردانی شاری هەولێریان كرد و چەندان دیدار و بەسەركردنەوەیان بۆ شوێنە جیاوازەكانی هەولێر ئەنجام دا.

هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بووە دەیەمین دەستەخوشكی شاری ناشڤێڵ لە دنیا و یەكەمین شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەستەخوشكبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤێڵ، رۆڵێكی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پێوەندییە كولتووری، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هونەری و وەرزش و سێكتەرەكانی تری نێوان هەردوولادا دەگێڕێت، زیاتر 25 هەزار كورد لە ناشڤێڵ دەژین، لە دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشڤێڵ سوودمەندی یەكەم هاووڵاتییانە، جگە لەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی تر.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی ئەیلوول، سابیر حوسێن گوتەبێژی پارێزگاری هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەیاوەریی شاندێك، بەرەو ئەمەریكا بەڕی دەكەون بە مەبەستی واژووكردنی بوارە جیاوازەكانی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ.

زیاتر گوتی، ئەو واژووكردنە زیاتر لە بوارەكانی بازرگانی و فەرهەنگی و كولتوورییە كە هاوئاهەنگی لە نێوان هەولێر و ناشڤێڵدا هەبێت.

ئەوەشی روون كردەوە كە شاندەكە پێكهاتووە لە پارێزگار و قایمقامی هەولێر كە لەم گەشتەیاندا چەندان دیدار و چاوپێكەوتنیان دەبێت لەگەڵ كەسایەتی و بەرپرسانی گەورە، گفتوگۆیان دەبێت لەبارەی هەموو ئەو جیاوازی و لێكچوونانەی هەولێر و ناشڤێڵ.


وشە - لاڤین عومەر