هەروەك ئاگەدارن كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی رابردوودا بۆ چەندەمین جار لە زاری كاربەدەستانی سیاسی و نیزامیی خۆیەوە، هەڕەشەی پەلاماردانی كەمپی پەنابەرانی كوردی ئێرانی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستانی كردووە، هەروەها هەواڵ و بەدواداچوونەكان دەری دەخەن كە رێژیم لە ئامادەكارییەكانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێكی تر بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی كوردی دانیشتوو لە هەرێمی كوردستان و عێڕاق بەردەوامە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی رابردوودا سەدان پەنابەر و چالاكی سیاسیی كوردستانی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا تیرۆر كردووە، لە چالاكیی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەك و درۆن هێرشی كردووەتە سەر كەمپی پەنابەرانی سیاسیی كوردستانی ئێران، كە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان كەس خەڵكی سیڤیل و پەنابەر كوژراون و بریندار بوون.
لە دۆخی ئێستەشدا كە كاربەدەستانی ڕێژیم تەنانەت بەئاشكرا كات و زەمەنیشیان بۆ شەپۆلێكی تر لە هێرشەكانیان دیاری كردووە، لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتان و كۆمەڵگەی جیهانی، ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت حكوومەتی عێراقی فێدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خاكی ئەواندا نیشتەجێن دەكەین، ئاگەداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی كۆماری ئیسلامی بن كە بەڕێوەن.
داوا دەكەین هەموو لایەك بە هەموو توانا و زەرفییەتی دیپلۆماسی و ڕێكارەكانی تری بەردەمیان هەوڵەكانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێكی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی كوردی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بخەنە گەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتی هێژمۆنی و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق بەتایبەتی لە ئاستی ئاسمانیدا، سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمان لە عێراق بۆ بەرپرسایەتییەكانیان، بە مەبەستی هەنگاوی بەكردەوە دژی دەستدرێژییەكانی كۆماری ئیسلامی و پێشگیری لە دووپاتبوونەوەی جینایەتەكانی ڕادەكێشێن.
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە جارێكی تریش بە پێداگری لەسەر سیاسەتە دروست و ئوسوولییەكانی خۆی كە تەبا لەگەڵ هەموو بەها و بایەخە نێونەتەوەیی و جیهانگیرەكانە، تەبلیغاتی كۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی دەستدرێژییەكانی لە وڵاتی دراوسێی و جینایەتە یەك لە دوای یەكەكانی لەدژی پەنابەرانی سیاسی بەرپەرچ دەداتەوە و ڕەتی دەكاتەوە. لەڕاستیشدا ئەوە خودی كۆماری ئیسلامییە كە بە زاڵكردنی كەشی میلیتاریستی و گرتنەبەری سیاسەتی سەركوت تەنانەت لە بەرانبەر چالاكانی مەدەنی و خەڵكی بێدیفاع لە خۆپێشاندانە هێمنانەكانیشدا، تەواوی ئێران و بەتایبەت كوردستانی نائەمن كردووە. وەك ئەزموونەكانی ڕابردووش پێشانی داوە كۆماری ئیسلامی بە درێژەدانی ئەو سیاسەتەی نە دەتوانێ قەیرانەكانی نیوخۆی چارەسەر و، نە كورد و باقی نەتەوە مافخوازەكان و سەرجەم خەڵكی ئازادیخوازی ئێران ملكەچ و بێدەنگ بكا و، لەكۆتاییدا سەركەوتن هەر بۆ گەلانی ئیران و هەموو ئازادیخوازانی ئەم وڵاتەیە.