هەڵەبجەییەكان بەر لە دەنگدان بە پارێزگاکردنی شارەکەیان پەیامیان هەیە

:: AM:11:22:18/09/2023 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت و بە فەرمی هەڵەبجە بكرێت بە پارێزگا، دەبێتە 19ـەمین پارێزگای عێراق لە سنووری هەرێمی كوردستان، چین و توێژەكانی هەڵەبجەش دەڵێن، ئەركی هەموو فراكسیۆنە جیاوازەكانە لە پەرلەمانی عێراق، بە گشت دەنگ و رەنگە جیاوازەكانەوە، ئەركی مرۆیی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بكەن و قەرەبووی بەشێك لە نەهامەتییەكانی ئەم ناوچەیە بكەنەوە.

بەگوێرەی بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق بڵاو كراوەتەوە، ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت، یەكێك لە بڕگەكانی كۆبوونەوەكەش دەنگدانە لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

ئەمڕۆ دووشەم 18 ئەیلوول، چین و توێژەكانی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایان گەیاند، بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، سەرباری بوونی جیاوازیی زمان و ئاین و كولتوور و فەرهەنگ، گەلانی عێراق هەوڵیان داوە ژیانێكی ئارام و شایستە بژین، توانیویانە زۆرینەی جیاوازییەكانیش تێپەڕێنن و لەم پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە، بێگومان هەڵەبجەش پشكی شێری لەم قوربانیدانە بەردەكەوێت.

ئەوان دەڵێن، "لە سەرەتاكانی سەدەی رابردوودا لەلایەن فەرماندەی سوپای ئەتمۆنز بە فڕۆكە و هێزی پیادەوە، هێرش دەكەنە سەر هەڵەبجە و داگیری دەكەن، دواتر داستانی ئەشكەوڵ لە چیای شنروێ روو دەدا، لە رۆژی 26/4/1974 خەڵكی سڤیل بە چەكی ناپاڵم بۆردمان كران، لە ئەنجامدا 56 هاووڵاتی دەبنە قوربانی و زیاتر لە 100كەسی تر بریندار دەبن، لە 13/5/1987 لە ئەنجامی راپەڕینی جەماوەر و گرتن و راوەدوونان، بۆردمانی كۆپتەریش دەیان قوربانی لێ كەوتەوە.

باسیان لەوەش كرد، گەڕەكێكی گەورەی هەڵەبجە، بە "تی ئێن تی" تەختی زەوی كرا و هەر بەمەشەوە نەوەستان، بریندار و گیراوەكان لە نزیك هەڵەبجە زیندەبەچاڵ كران، لە 16/3/1988 بە نوێترین چەكی قەدەغەكراوی سەردەم كیمیاباران كرا، زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و 10 هەزار بریندار و ئاوارەبوونی دەیان هەزاری كەسی لێ كەوتەوە، مەرگساتی هەڵەبجە مرۆڤایەتی شەرمەزار كرد و ئێستەش هەموومان شاهیدی برینداران و حەسرەتی منداڵە ونبووەكان و ئازاری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانین، لە بەهاری ساڵی 1991 كۆڕەوی دەیان هەزاری خەڵكی كوردستان، لە كاتێكدا هێشتا هەڵەبجە هەناسەی ئارامی هەڵنەمژیبوو، ڕێی ئاوارەیی بەرەو چارەنووسێكی نادیار گرتەبەر، بیرتان دەخەینەوە هەڵەبجە ساڵی 1889 بوو بە قەزا و لە ساڵی 1968 یەكەم هەوڵی بە پارێزگابوونی بۆ دراوە، ئێستەش لە ئاستی دنیا و عێراقی نوێ، ناسنامەی مەزڵوومییەتی گەلانی ستەمدیدەی كورد و عێراقە بەتایبەتی.

ئاماژەیان دا، بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراكسیۆنە جیاوازەكانی ئەنجوومەن، بە گشت دەنگ و رەنگە جیاوازەكانەوە ئەمڕۆ رۆژی وەفایە، ئەو رۆژەیە بەدەنگەكانتان ئەركی مرۆیی و ئەخلاقیی خۆتان جێبەجێ بكەن و قەرەبووی بەشێك لە نەهامەتییەكانی ئەم شارە و ناوچەیە بەسەر بكەنەوە، كەسوكار و خوشك و براكانتان لە هەڵەبجە لەم تاقەتپڕوكێنە رزگار بكەن، چاوەڕوانی دڵسۆزی هەمووتانین.



وشە - لاڤین عومەر