رەنگە گلەیی لە دۆژمن نەكرێت كاتێك هەموو هەلێك بۆ لێدانت بقۆزێتەوە، بەڵام كە لەناو ماڵدا كەسانێك پاساو بدەنە دەست دوژمن بۆ تێكدانی دۆخی ماڵەكە، ئەوە نەهامەتی و كارەساتێكی گەورەیە، دوێنێ تەقینەوەیەكی گەورە فڕۆكەخانەی عەرەبەتی هەژاند و قوربانی گیانی لێكەوتەوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی توركیا سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر كردنە ئامانجی پەكەكە و ئەو هاریكارییەش دووپات كردەوە كە لەگەڵ یەكێتی هەیانە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردەوە، ئەوەی لە عەرەبەت رووی دا، پەرەسەندنێكی زۆر مەترسیدارە و بە روونی هاریكاریی دەزگەی تەناهی یەكێتی لەگەڵ پەكەكە دەردەخات، رووداوەكە جارێكی تر دروستی رێوشوێنەكانی ئێمەی بەرانبەر بە سلێمانی دووپات كردەوە، كە ئەو رێكخراوە خەڵكی ناوچەكەی وەك بارمتە گرتووە.
بە پێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رووداوەكەی 18ی ئەم مانگەی فڕۆكەخانەی عەرەبەت جێی سەرنجە، ئێمە چاودێری چالاكییەكانی پەكەكە و گرووپەكانی دەكەین، بەتایبەتی جموجۆڵەكانی لە رێڕەوی لە نێوان سووریا و عێراق دروستی كردووە، دووپاتی كردەوە كە لە كاتی تەقینەوەكەدا ژمارەیەك لە كارمەندانی دژەتیرۆری یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی یەپەگە و پەكەكە لە مەشقدابوون.
شایەنی باسە تا ئێستە یەكێتی و دەزگە تەناهییەكانی وردەكاریی رووداوەكە دەشارنەوە، ئەوان ژمارەی راستەقینەی قوربانییەكان و رەگەزنامەیان ئاشكرا ناكەن، ئەوەی هەیە دوای رووداوەكە كەوتنە سەركۆنەكردن و بەشینەوەی تۆمەتەكان، بێ ئەوەی راستییەكان بۆ رای گشتیی ناوخۆیی ئاشكرا بكەن و ددان بە هەڵە و هەنگاوە گوماناوییەكانیان بنێن، كە بوونەتە هاوبەشی پەكەكە لە دانی پاساو بە توركیا بۆ تێكدانی دۆخی پارێزگەی سلێمانی و زیادكردنی نەهامەتیی خەڵكەكەی.