پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بووەتە گرفتێكی گەورە و مەترسیش بۆ سەر ناوچەكە، ئەو گرووپێكی مەترسیدار و نایاساییە و لە هەرێم كار و چالاكی دەكات، بەهۆیەوە توركیا هاتووەتە ناو خاكی هەرێم و دەستدرێژی كردووەتە سەر كوردستان و بە پاساوی بوونی پەكەكە بەردەوام بۆردمانی ناوچەكە دەكات.
لەبارەی ئیەو گرووپەوە سەروان كەریم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە لە هەرێم كاریگەری خراپی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و جوگرافیش هەبووە، ئەوانە گرووپی چەكدارین و بەنایاسایی لە ناو خاكی هەرێمن، لەهەر ناوچەیەك هەبن، ئەو ناوچەیە لە رووی جوگرافییەوە لەسەر هەرێم حیساب ناكرێت، چونكە رێگەنادەن هاووڵاتیی ئاسایی بچنە ئەو شوێنە و وەك هەر ناوچەیەكی تر بە ئاسودەیی بژین، لە لایەكی تریشەوە لەسەر ئاستی دیپلۆماسییەوە گرفتی بۆ حكوومەت دروست كردووە، چونكە هەرێم و توركیا دوو وڵاتی دراوسێن و كاری پێكەوەیی و بازرگانی لە نێوانیان هەیە.
باسی لەوەش كرد، لە ماوەی رابردوو تا ئێستە پەكەكە كوردستانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار هێناوە و هیچ كارێكی بۆ بەرژەوەندی كوردستان و كورد نەبووە، هیچ خزمەتێكی بە دۆزی رەوای گەلی كورد نەبەخشیووە، گەورەترین گرفتی بەردەم كوردە لە باكور و پرسی كورد لەو وڵاتە، كاتێك پەكەكە لە هەرێمە كەواتە كوردستان ئارام و سەقامگیر نابێت، دیارە ئاسمانی هەرێم بەهۆی پەكەكە بووەتە بە هێڵی درۆن.
لای خۆیەوە محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە "وشە"ی گوت، دەبێت پەكەكە رێز لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان بگرێت، رێز لە حكوومەت و دامەزراوەكانی بگرێت، قەوارەی هەرێم دەستورییە و خاوەن سەروەری خۆیەتی، بۆیە نابێت گرفت بۆ حكوومەت دروست بكات، ئەو شەڕەشی كە هێناویەتییە ناو هەرێم، دەبێت بیباتە دەرەوە و بەجۆرێكی تر پرۆسەكە درێژە پێ بدات.
روونی كردەوە، پەكەكە خاكی كوردستانی داگیر كردووە، ئەو نایاساییە و چەكدارەكانی لە هەموو هەرێم بڵاوكردووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان رێگە نادات حكوومەت دەستی ئاوەدانی و خزمەتكردن بەو گوندانە بگەیەنێت، بۆیە ئەگەر پەكەكە نەبێت سەتان گوند ئاوەدان دەكرێنەوە و خەڵك دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هاوكات ئەوان لە سنووری سلێمانیش بوونەتە گرفت بۆ خەڵكی ناوچە سنوورییەكان.
وشە/ تایبەت