وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، ڕۆژی یەكشەم دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، ئەو مووچەیەش بۆ مانگی ئابی ئەمساڵە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئەیلوول، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.
باس لەوەش كراوە، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی)، رێكارە دارایی و ژمێریارییەكانی ئەنجام داون و بانكەكان ئاگادار كراونەتەوە بۆ دابەشكردنی مووچە ئامادەكاری بكەن.
روون كراوەتەوە، رۆژی یەكشەم مووچەی مانگی ئابی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەكرێت.
بۆ ڕۆژانی دواتر بڕیارە پارەكەی بەغدا بە دوو قۆناغ بڕی 700 ملیار دیناری قەرز لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، سەرجەم ئامادەكارییەكانیش بۆ دابەشكردنی مووچە كراوە.
رۆژی پێنجشەم 14ی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، سەرۆكایەتی شاندێكی هەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا كرد، كە هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئەندامی شاندەكە بوون.
لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسروور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و دووپات لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرایەوە، دواتر لەگەڵ سەرانی بەغدا كۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام درا.
رۆژێك پێش چوونی بۆ بەغدا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان باسی لەوە كرد، پشوودرێژیی هەرێمی كوردستان مانای لاوازی نییە، "بەڵكو نامانەوێ كێشەكان بە ئاقارێكی تردا بڕۆن".