دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاكرێ لە 22ـی ئایار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی شارەكە، بڕیاری جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی لە سنوورەكە دا، یەكێك لەو پڕۆژانەش نۆژەنكردنەوە و بنیاتنانەوەی یاریگەكانی ئاكرێ و بەردەڕەش و دینارتەیە كە كارەكانیان دەستیان پێ كردووە.
هۆزانڤان زاهد ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەی ئاكرێ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت، دوای سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی دڵخۆشكەری دا، ئەویش نۆژەنكردنەوەی یانەی ئاكرێ و بەردەڕەش و دینارتەیە كە جێی دڵخۆشیی وەرزشوانانی هەرسێ ناوچەكەیە.
زیاتر گوتی، كارەكانی پڕۆژەكان زۆرباش بەڕێوە دەچن، بە هیواین بۆ مانگی 12 كۆتاییان پێ بێت و یانەی ئاكرێ لە گەڕی دووەمی خولی كوردستان لە یاریگەی نوێی ئاكرێ یاری بكەن.
یاریگەی یانەی وەرزشیی ئاكرێ زیاتر لە پێنج هەزار هاندەر دەگرێت، بە بڕیاری سەرۆك وەزیران نۆژەن دەكرێتەوە و تێچووەكەشی 303 ملیۆن دینارە.
جگە لەو یاریگەیە، دوو یاریگەی تری تۆپی پێ لە شارۆكەی بەردەڕەش و شارەدێی دینارتە نۆژەن دەكرێنەوە كە تێچووەكەیان 580 ملیۆن دینارە، هەلی كاری بەردەوامیان بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە و لە ماوەیەكی نزیكدا كارەكانیان تەواو دەكرێن.