نرخی گۆشتی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكان بەرز بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی مانگی رابردوو بەتەواوی دابەزینی تۆمار كرد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، هۆكاری بەرزبوونەوە نرخەكەی ئەوەیە مریشك لە هۆڵەكان بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك نرخی مریشك هەرزان دەبێت، هۆكارەكەی ئەوەیە مریشك زۆر دەبێت و خستنەڕوو زیاتر دەبێت لە خواست، ئەوەش وا دەكات نرخ هەرزان بێت.
روونی كردەوە، ئێستە مریشك لە هۆڵەكان بەرەو كەمبوونەوە دەروات، ئەوەش وای كردووە نرخی مریشك لە بازاڕ بەرز بێتەوە، چونكە خستنەڕوو كەم دەبێتەوەو خواست زیاتر دەبێت، هەركاتێكیش مریشك كەم بێت نرخی بەرزترە، بەڵام بەگشتی ساڵانە زیاتر مریشك لە دابەزینە وەك بەرزبوونەوە، لەوكاتەی تێچووی یەك كیلۆ مریشك سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت.
لای خۆیەوە بەرهەم سەلیم، مریشكفرۆش بە "وشە"ی گوت، سێ رۆژ دەبێت نرخی مریشك بەرەو گرانبوونەوە رۆیشتووە، ئێستە یەك كیلۆی بە 3250 دینارە، رەنگە زیاتریش بەرز بێتەوە چونكە هەركات مریشك لە هۆڵەكان بەرەو كەمبوونەوە بڕوات، نرخەكە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
شایەنی باسە گۆشتی مریشك یەكێكە لەو خۆراكانەی زیاترین خواستی لەسەرە، بەتایبەتی مریشكی زیندوو، بۆیە نرخەكەی بە بەردەوام بە پێی كات و خواست و خستنەڕوو هەڵبەز و دابەزین دەكات، ئەوەش وای كردووە جارێك خاوەن كیڵگەكانی بەخێوكردنی زیان بكەن، هەندێك جاریش نرخەكەی ئەوەندە بەرز دەبێتەوە كە زۆر لەسەر هاووڵاتییان دەكەوێت، بۆیە خاوەن كیڵگەكان بە بەردەوام داوای دیاریكردنی نرخێك دەكەن كە ئەوان زەرەر نەكەن و زۆر گرانیش لەسەر هاووڵاتییان نەكەوێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی