ئایفۆن 15 گەیشتە كوردستان و نرخەكەی راگەیەنرا

:: AM:09:13:22/09/2023 ‌
بەیانی ئەمڕۆ ئایفۆن 15 گەیشتە كوردستان و نرخەكەشی دیاری كرا، لە ئێستەوە بەكارهێنەران ئەتوانن بچن بیكڕن.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول، شێرزاد عەلی نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی فرۆشتنی موبایلە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەعات نۆی بەیانی ئایفۆن 15 بەسەرجەم مۆدێلەكانی بەردەستە.

زیاتر گوتی، هەركەسێك ئارەزووی بەكارهێنانی هەیە ئەتوانێت سەردانی لقە سەرەكییەكانی ئەپڵ بكات لە كوردستان بۆ كڕینی.

باسی لەوەش كرد، نرخەكەی لەگەڵ نرخی كۆمپانیای ئەپڵ لە ئەمەریكا هاوشێوەیە، هەروەها بەپێی بڕیاری بانكی ناوەندی عێراق دەبێت ئێمە بە نرخی دینار بیفرۆشین بۆیە نرخەكەی دوو ملیۆن و 200 هەزار دینارە.

كۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی 1976 لە‌لایەن ستیڤ وۆزنەیك و ستیڤ جۆبس لە ئەمەریكا دامەزرا و لە ساڵی 1984 ئەپڵ دەستی بە فرۆشتنی كۆمپیوتەر كرد، هەروەها لە ساڵی 2010 ئەپڵ دەستی بە فرۆشتنی ئایپاد كرد، لەگەڵیدا لە ساڵی 2011 ئایپاد دوو خرایە روو و لە ساڵی 2012 ئایفۆنی پێنج و ئایپادی مینی خستە بازاڕەوە و لەو كاتەوە ئەپڵ بە یەكێك لە كۆمپانیا زلهێزەكانی دنیا دەناسرێت.



وشە - رامیار جەواد