دوای وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم، ئێستە دۆخێكی تر هاتووەتە كایەوە، دەبێت وەك لە یاسای بودجەدا هاتووە، بەغدا مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكات، لەوكاتەی هەرێم هەموو پابەندییەكانی جێبەجێ كردووە، شارەزا و هاووڵاتییان پێیان وایە بە هاوشێوەی ساڵانی تری حكوومەتی هەرێم، پێویستە بەغدا لە ئێستەوە دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكات، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی سەرما و باران بارین نزیك دەبینەوە.
بەهۆی یاسای بودجەوە ئەمساڵ نەوتی سپی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرێت، هاووڵاتییانیش داوا دەكەن پیویستە پێش سەرما و باران عێراق نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكات، بەهۆی ئەوەی نەوتی بازرگانی لە بازاڕ نرخەكەی گرانە و لەو كاتەدا ناتوانن بیكڕن، لەگەڵ یەكەم بارانیش نرخەكە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
بەرهەم قادر، نەوتفرۆش بە "وشە"ی راگەیاند، چەند رۆژێك دەبێت خەڵك دەستیان بە كڕینی نەوتی سپی كردووە، نرخی یەك بەرمیل تا بەردەم ماڵ 170 هەزار دینار لەسەر كڕیار دەكەوێت، نرخی نەوت لە بۆرسە بەرز بووەتەوە، كەواتە نرخی نەوتی سپیش بەرز دەبێتەوە، لە لایەكی تر بەهۆی ئەوەی هیچ دەنگی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان نییە، ئەوەش وای كردووە نرخەكە بەرزتر بێتەوە و هەرخۆشی بەرەو سەرما دەچین و خواست لەسەر نەوت زیاتر دەبێت.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر لە ئێستەوە دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بكرێت بە نرخێكی هەرزان، ئەوكات نرخی نەوتی بازرگانی بەو گرانییە نامێنێتەوە و هەرزان دەبێت و خواستی زۆری لەسەر نابێت، ئەگەریش دابەشكردن دوا بكەوێت بە دڵنیایی نرخەكە زیاتر دەبێت و گرانتر لەسەر هاووڵاتیی دەكەوێت.
لای خۆیەوە د. جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێم ساڵی رابردوو بە نرخی پاڵپشتیكراو كە لە بازارەكاندا یەك بەرمیل زیاتر لە 250 هەزار دینار نرخەكەی بوو، نەوتی كڕی و بە 100 هەزار دینار دایەوە بە هاووڵاتییان، ئەوەش وەك هاوكاری و ئاسانكارییەك بۆ خەڵك كە لە بازاڕ نرخ گرانبوو هاووڵاتی زیاتری لەسەر دەكەوت.
زیاتر گوتی، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم لە ناوچە شاخاوییەكان بەهۆی ئەوەی زووتر سارد دەبێت و خەڵك پێویستی بە نەوت هەیە، حكوومەتی عێراق لەسەریەتی نەوتی سپی بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكات، چونكە بە پێی ئەو ریككەوتنەی كراوە لەسەر بەغدایە نەوت بداتە هەرێم، هەروەها سووتەمەنی تر بە نرخی دیاریكراو و پاڵپشتیكراو بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، نابێت بەغدا دەستی دەستی لەوەش بكات، وەك چۆن لە بابەتی مووچە سیاسەتی برسیكردن لە هەرێم جێبەجێ دەكات.
پێوەست بەو بابەتە پشتیوان مستەفا، هاووڵاتیی بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای بودجە و ئەو بڕگە و مادانەی كە لە یاساكە هاتوون، حكوومەتی عێراق پابەند دەكەن سووتەمەنی و هەر هاوكارییەكی تر بەهەمان شێوەی شارەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانیش بە هەمان نرخی دیاریكراوی عێراق بنێرێت، ئێستە هاووڵاتیی پیویستە بەوەیە بۆ وەرزی زستان ئامادەكاری بكات و نەوت لە ماڵەكەی هەبێت، بۆیە پێویستە هەرچی زووە نەوتی سپی رەوانەی هەرێم بكات و دابەش بكرێت.
باسی لەوەشكرد، سێ هەفتە پێش ئێستە نرخی نەوتی سپی بازرگانی دەستی بە بەرزبوونەوە كردووە و نرخەكەی لە سەرووی 150 هەزار دینارەوەیە، رەنگە زیاتریش بەرز بێتەوە بەهۆی ئەوەی زستان لە پێشمانە و یەك باران ببارێت زیاتر گران دەبێت و هاووڵاتیش ناتوانن بەو نرخە نەوت بكرێت، چونكە لە لایەكی ترەوە بەهۆی بەغدا سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش نەكراوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی