شارەزایەك: بەغدا دەیەوێ خەڵكی كوردستان رووبەڕووی حكوومەتی هەرێم بكاتەوە

:: PM:06:09:22/09/2023 ‌

وەك ئەوەی هێشتا گڵۆپی سەو بۆ بەغدا هەڵنەكرابێت بۆ لابردنی سزاكەی سەر هەرێمی كوردستان و گەلەكەی، پێشتر باسی ئەوە دەكرا كە لە هەرێم مووچە دوا دەكەوێت و جیاوازی دەكرێت، بۆیە دەبێت مووچە بچێتەوە بەغدا، كەچی وا هەفتە دوای هەفتە پارەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە بە بیانووی رێكارەكان دوا دەخرێت، چاودێرێكی سیاسی پێی وایە بەغدا دەیەوێ خەڵكی كوردستان رووبەڕووی حكوومەتی هەرێم بكاتەوە.
 
عەدنان ئەحمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی بەغدا دەیكات گوشاركردنە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەغدا دەیەوێ لەو رێگەیەوە خەڵكی كوردستان رووبەڕووی حكوومەتی هەرێم بكاتەوە و هەموو نارەزایەتییەكان بدات بەسەر ئەو حكوومەتەوە، لە بەغدا یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێكردن و كاری پێ دەكرێت، ئەگەر بڕیار بێت بەغدا مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم بدات، كەواتە چ بیانووێك هەیە بۆ ئەوەی بەغدا ئەو پارەیە نەنێرێت، بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت؟، یان پشكی كورد رەوانە ناكات؟، زیاتر لە دوو هەفتەیە دەڵێت پارە دەنێرم، ئایا رێكاری ناردنی پارە ئەوەندەی تێدەچێت كە لە رێگەی بانكەوە دەكرێت؟

كۆتایی هەفتەی رابردوو شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم چووە بەغدا و دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بۆ سێ مانگ هەر مانگی 700 ملیار دینار بۆ مووچە بنێرێت، ئەمە ئەگەر مەبەستێكی خراپی لە پشتەوە نەبێت، بۆچی هەفتەیەكە نەیانتوانیوە ئەو پارەیە بنێرن، خۆ عێراق خۆی بە وڵاتی سیستم و دامەزراوەیی دەزانێت و كارەكانی بەخێرایی دەڕۆن، بەتایبەتی شتێك پێوەستبێت بە خەڵك و مووچەوە.

لای خۆیەوە هێمن سەعید، شارەزای یاسا بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا دەستی خستووەتە بینەقاقای فەرمانبەرانی هەرێم و قووتی فەرمانبەرانی بڕیوە، یان بەیەكجاری بڵێت پارە رەوانە ناكەین، یان مانایەكی نییە 50 رۆژ پێش ئێستە پارەی ناردووە كە بۆ مووچەی مانگی حوزەیران دابەش كراوە، بەغدا نە لەكاتی خۆیدا پارە دەنێرێت و نە پابەندی یاسای بودجەش بووە، ئەمە وەڵامێكی زۆرباشە بۆ ئەوانەی دەیانگوت ئەگەر مووچە لە دەستی بەغدا بێت زۆر باشترە و گرفت دروست نابێت و مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكرێت.

"بڕینی سەرچاوە داراییەكانی هەرێم وەك نەوت و داهاتی گومركی و داهاتی ناوخۆ، لەكاتێكدا هەرێم بە هەموو  شێوەیەك ئامادەیی دەربڕی و مەلەفی نەوتی رادەست كردوون و تەواوی راپۆرتی داهاتی گومركی و ناوخۆی و نا نەوتی بە شەفافی رادەستی كردوون، بەڵام بەغدا مانگ بە مانگ بیانوی نوێ و گرفت دەدۆزێتەوە"، هێمن سەعید وای گوت.

 وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل