دەڤەری برادۆست بۆردمان كرا

:: AM:09:12:23/09/2023 ‌
بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بەچڕی ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری برادۆست لە سنووری ئیدارەی سۆرانیان بۆردمان كرد، شوێنی بۆردمانەكەش ئەو ناوچانەیە كە گومان دەكرێت چەكدارانی پەكەكەی لێ‌ بێت.

بۆردمانی ناوچە سنوورییەكان بەردەوامە و لە ماوەی رابردووشدا زۆرترین زیان بە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان و سروشتی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بەمەبەستی لێدان لە بارەگاكانی پەكەكە، لە درەنگانی شەو تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئەو ناوچەیەیان بۆردمان كردووە.

ئەوەیش زانراوە شوێنی بۆردمانەكە، چەند جارێك كوێستان و ناوچەی سنووری گەرووی سنگان و سنینی لە سنووری سیدەكان بۆردمان كراوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە، شوێنی بۆردمانەكە دوور بووە لە ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، بۆیە نازانرێت زیانەكان چی بووە.

هەفتەی رابردووش بەهۆی مەترسیی بۆردمانی ئێران، ناوچە كوێستانییەكان لەلایەن مەڕدارەكان بە تەواوی چۆڵ كران، ئێستە ئەو سنوورانە بارێكی ناسەقامگیری هەیە.

پەكەكە بەردەوام بووەتە كێشە بۆ هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان، بەهۆی ئەو شەڕانەی دەیكەن، زیاتر لە 700 گوندی ناوچە سنوورییەكان چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد