راوێژكارێكی مەكتەبی سكرتارییەتی مام جەلال دەست لەكاركێشانەوەی لە یەكێتی راگەیاند، هۆكارەكەشی بۆ بوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەعسی و كۆنەجاش لەناو ئەو حزبە دەگەڕێنێتەوە.
تەیموور عەبدوڵا ناسراو بە "تەیمووری ئەنفال" راوێژكاری مەكتەبی سكرتارییەتی مام جەلال، دەست لەكاركێشانەوەی لە یەكێتیی نیشتمانی راگەیاند، لەبارەی هۆكارەكەشی دەڵێت من ئامادە نیم لە حزبێكدا كار بكەم كە پڕ بێت لە بەعسی و ئەنفالچی.
تەیمووری ئەنفال لە بەشێكی قسەكانیدا دەڵێت، چیتر پێوەندیم بە یەكێتییەوە نەماوە لەڕووی حزبی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە.
ئەو نووسینە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوو چەندان بەرپرسی تری ئەو حزبە وازهێنانی خۆیان راگەیاند، ئامادە نین لەو حزبە درێژە بەكاری سیاسی بدەن.
یەكێتی ئێستە نزیك دەبێتەوە لە كۆنگرە، لە چەند مەڵبەند و شوێنێكی یەكێتی دەنگی ناڕەزایەتی لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە بەرز بووەتەوە، كشانەوەی خۆیان لەو شێوازی كاركردنە دەربڕیوە.
كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوامە و هێشتا كێشەی كادرانی هەشتی تەمووز تەواو نەبووە، كێشەی تریش لەناو ئەو حزبە دروست بووە.