"ئەوەی بەغدا دەیكات دژایەتی و شەڕفرۆشتنە بە خەڵكی كوردستان"

:: PM:12:03:23/09/2023 ‌
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، عێراق بەو جۆرە ناڕوانێتە خەڵكی هەرێمی كوردستان كە پێشتر ئێمە و چەند كەسانێك پێمان وابوو، بەڵكو عێراق دژایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات و شەڕیان پێ‌ دەفرۆشێت.

دوای رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ، هێشتا عێراق ئامادە نییە یاسا جێبەجێ‌ بكات و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بنێرێت، پێشتریش كەسانێك پێیان وابوو دەبێت هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكات، چونكە ئەوان نیازیان باشە، بەڵام ئێستە تێگەیشتوون هەڵە بووینە.

بێستوون فایەق ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دەركەوت عێراق بەو جۆرە ناڕوانێتە خەڵكی كوردستان كە ئێمەومانان پێمان وابوو .

باسی لەوەش كردووە، ئەو هەموو رێگری و دەستی دەستی و دواخستنە بەمەبەستە بۆ ئەو بەشە بودجەیەی مووچەخۆران كە بە قەرز بڕیاری لێ دراوە، پێش ئەوەی ململانێی حكوومەتی هەرێم بێ، دژایەتی و شەڕفرۆشتنە بە خەڵكی كوردستان.

هەر ئەو پەرلەمانتارە نییە كە ئێستە دەزانن عێراق بەمەبەستی برسیكردنی خەڵكی كوردستان ئەو كارە دەكات، بەڵكو زۆربەی ئەوانەی دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان دەكرد كە پێویستە سەرجەم داهات و نەوت رادەستی بەغدا بكرێت، پەشیمان بوونەتەوە و لە نیازی بەغدا تێگەیشتوون.



وشە - رامیار جەواد