وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رای دەگەیەنێت، سبەی یەكشەم ئەنجامی زانكۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی رادەگەیەنرێت، شارەزایەكی پڕكردنەوەی فۆڕمی زانكۆلاینیش دەڵێت، پێشبینی دەكرێت سەرجەم قوتابیان وەربگیرێن.
ڕۆژی پێنجشەم لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتبوو، یەكشەم (2023/9/24) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەكانی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2023-2024) ڕادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئەیلوول، ئاژان هیوا شارەزا لە پڕكردنەوەی فۆڕمی زانكۆلاین، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمساڵ تا ئاستێكی زۆر نمرەی بەرز كەم بوو بە بەراورد بەساڵانی پێشوو.
زیاتر گوتی، ناتوانین بڵێین ئاستی خوێندن دابەزیوە كە نمرە كەمە، بەڵكو قوتابیی ئەمساڵ نمرەی تەواوەتی نەهێناوە كە 100 نمرەی تەواوە.
باسی لەوەش كرد، بەپێی ئەو كورسییانەی خوێندنی باڵا دیاری كردووە بۆ قوتابیان، ئەو ژمارە دەرچووانەی هەیە، دەتوانین بڵێین تەواوی قوتابیان ئەگەری وەرگرتنیان هەیە.
بڕیارە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، لە یەكی تشرینی یەكەم، دەست بكرێت بە پرۆسەی خوێندنی قۆناغی یەكەم لە زانكۆكان، بۆیە پێویستە لەسەر وەرگیراوان لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە زانكۆكانیان بكەن.